هیچ گوڕانكاریه‌ك له‌ ئه‌ركى راوێژكاره‌ فه‌ره‌نسییه‌كان له‌ عێراق  روونادات

ئه‌لمانیاو هۆله‌نداو كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل كاره‌كانیان راگرتووه‌

وه‌زاره‌تى به‌رگرى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند" هیچ گوڕانكاریه‌ك له‌ ئه‌ركى راوێژكاره‌ فه‌ره‌نسییه‌كان له‌ عێراق  روونادات .

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئالۆزى و گرژى نێوان ئه‌مه‌ریكاو ئێران ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندووه‌و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین وولات ئه‌مرۆ كارى مه‌شقى سه‌ربازانى خۆیان له‌ عێراق راگرت.

له‌م باره‌وه‌ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند "بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزی لەنێوان ئێران و واشنتن، وڵاتەكەی پرۆسەكانی مەشقپێكردنی سەربازی لە عێراق هەڵدەپەسێرێت".

هەروەها هۆڵەنداش چووە پاڵ ئەڵمانیاو ئەرکە سەربازییەکانی لە عێراق راگرت، بەڵام باڵیۆزخانەیان لە بەغدا رەتیدەکاتەوە کارە دیپلۆماسییەکانیان راگرتبێت و دەڵێت" باڵیۆزخانەمان بەکراوەیی دەمێنێتەوە".

پێش كەمێكیش كەناڵی (ئەلحورە)ی ئەمریكی ئاشكرای كرد كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلی ئەمریكی كە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیا نەوتیەكانی جیهانە، داوای لە كارمەندانی كردووە كێڵگە نەوتیەكانی پارێزگای بەسرە چۆڵ بكەن.

تێزانین، هۆڵەندا 62 راوێژکاری سەربازی لە عێراقدا هەن، 50 راوێژکاریان لە هەرێمی کوردستان مەشق بە پێشمەرگە و 12ـەکەی دیکە لە عێراق راهێنان بە سوپای عێراق دەکەن.

ئەڵمانیاش 160 راوێژکار و سەربازی لە عێراقە بۆ راهێنان و مەشقکردن بە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان. لەو ژمارەیە 100 سەربازیان لە هەرێمی کوردستانن و راهێنان بە پێشمەرگە دەکەن.