عێراق بڕیاریداوه‌ سیستمی به‌رگری ئاسمانی S-400 له‌ رووسیا بكڕێت

كۆمپانیاكانی رووسیا خوازیارن وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له‌ عێراق زیاد بكه‌ن

باڵیۆزی عێراق له‌ مۆسكۆ، حه‌یده‌ر مه‌نسور هادی رایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ سیستمی به‌رگری ئاسمانیی S-400 له‌ رووسیا بكڕێت.

هادی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌ مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ كۆمپانیاكانی رووسیا خوازیارن وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له‌ عێراق زیاد بكه‌ن.

هادی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هاریكاریه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی رووسیادا به‌تایبه‌ت له‌ بواری نه‌وت و گازدا به‌رێوه‌ده‌چێت و گوتی: ''له‌ عێراق كۆمپانیاكانی لوكۆیل، باشنه‌فت، رۆسنه‌فت و گازپۆڕم كار ده‌كه‌ن و وه‌به‌رهێنانیان هه‌یه‌.  وه‌به‌رهێنانه‌كانی لوكۆیڵ له‌ عێڕاق گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ نۆ ملیۆن دۆلار. ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ش خواست هه‌یه‌ له‌سه‌ری  بگه‌یه‌ندرێته‌ ٣٠ ملیۆن دۆلار.

هادی باسی له‌و كۆبوونه‌وانه‌ كرد كه‌ له‌ نێوان عێراق و رووسیا كراون له‌باره‌ی كڕینی S-400 و گوتی: "حكوومه‌تی عێراق بڕیاره‌كه‌ی داوه‌. ده‌یانه‌وێت S-400 بكڕن، به‌ڵام هێشتا نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌".

له‌ وه‌ڵامی پرسیاریكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ئه‌مریكا به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م عێراق دروست ده‌كات له‌باره‌ی كڕینی S-400 یان نا؟ هادی رایگه‌یاند "كه‌ناڵی پێویستی دیپلۆماسی له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌".

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی فیدراسیۆنی رووسیا، ڤیكتۆر بۆنداریڤ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ لێدوانێكیدا باسی له‌وه‌ كردبوو عێراق له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌دایه‌ كه‌ ده‌توانن S-400 بكڕن.