ئەمریکا داوا لە فەرمانبەرانى ده‌كات عێراق جێ بهێڵن

ئەمریکا: میلیشیاکان هەڕەشەن بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەمریکی

ئەمڕۆ چوارشەممە 15-5-2019، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن و له‌هه‌مان كاتیشدا داوای لە فەرمانبەرانى لە عێراق کردووە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن .

وەزارەتەکە هۆکاری ئەو داوایەی بۆ هەڕەشەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی گەڕاندووەتەوە و رایگەیاندووە، میلیشیاکان مایەی هەڕەشەن بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەمریکی.

ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێک دایە، کە ئەو وڵاتە گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق و لوبنان، زیاد کردووە.

هەفتەی رابردوو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و سەرچاوە میدیاییەکانیش ئاماژەیان بەوە کرد، کە پۆمپیۆ هۆشداریی داوە لەوەی هەر گرووپێک هێرش بکاتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، ئەمریکا دەیخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە.