یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت به‌ 70 دۆلار و 33 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت

له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا

وێرای دڵنیاییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ی كه‌ له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا پێویسته‌، به‌ڵام نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كاندا، به‌رزبوویه‌وه‌ و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٧٠ دۆلار و ٣٣ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی وزه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو ھه‌رچه‌نده‌ دوو كه‌شتی نه‌وت ھه‌ڵگری سعوودیه‌ له‌ نزیك ئاوی ھه‌رێمی ئیمارات رووبه‌ڕووی ھێرشێكی تێكده‌رانه‌ بوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وا كاریگه‌ری ئه‌و ئاسته‌ی ھه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو دروست ناكات كه‌ له‌ بازاڕه‌كاندا پێویسته‌.

ھه‌ر دوینێ دوای ئه‌وه‌ی چین راگه‌یاندبوو كه‌ به‌ ٦٠ ملیار دۆلار گومرك به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ ھاورده‌كراوه‌كانی ئه‌مریكادا ده‌سه‌پێنێت، نرخی به‌رمیلێكی برێنت گه‌یشته‌ سه‌رووی ٧٠ دۆلار.

له‌ كاتژمێر ٠٨:٠٣ نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ڕێژه‌ی ٠،١٤ له‌سه‌دا به‌رزبوویه‌وه‌ و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٧٠ دۆلار و ٣٣ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

به‌ھه‌مانشێوه‌ نرخی خاوی ئه‌مریكا له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ڕێژه‌ی ٠،٠٩ له‌سه‌دا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمار كرد و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٦١ دۆلار و چوار سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.