هونه‌رمه‌ندان و چواره‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ شانۆی مۆنۆدراما

كه‌رانه‌ڤاڵێكی هونه‌ری گه‌وره‌ی مه‌عریفی بوو

ئا/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

سازدانی فیستیڤاڵ له‌ هه‌ر بوارێكی هونه‌ری ، ئه‌ده‌بی ، كلتوری.. روداوێكی  ساده‌و ئاسان نیه‌ ته‌نیا بۆنه‌یه‌كی ئاهه‌نگی بێ به‌ها نیه‌ یان بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه‌ به‌ڵكو كاریگه‌ری مێژووی خۆی هه‌یه‌، پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانییه‌ له‌ هه‌مان كاتدا رووی پێشكه‌وتنی بۆ ئه‌و وڵاته‌نیشان ده‌درێت  كه‌ فیستیڤاڵه‌كه‌ سازده‌كات .

سازانی فیستیڤاڵ یه‌كێكه‌ له‌و چه‌كه‌ جیهانیانه‌ی كه‌ ده‌تواندرێت رۆشنبیرو كلتوری وڵاته‌كه‌ له‌ جیهاندا بڵاوبكاته‌وه‌  له‌ لایه‌كی تریش كۆكردنه‌وه‌ی رۆشنبیران وهونه‌رمه‌ندان له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌بێته‌ هۆی یه‌كتر ناسین و  ئاڵگۆركردنی ئه‌زموونی یه‌كتری له‌ هه‌موو بواره‌كان .

دیاره‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر فیستڤاڵێك  له‌ هه‌ر بوارێكدا پێویستی به‌ كه‌سانی شاراز و پسپۆر هه‌یه‌ به‌ جۆرێك  ئه‌و كه‌سانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی ، پرۆتۆكۆڵی ، به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك  ئه‌ركه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن  یه‌كه‌م هه‌نگاویش (ئامانجه‌) واته‌ ده‌بێ چه‌ند ئامانجێكت هه‌بێ له‌سازدانی فیستیڤاڵ ئه‌نجا دیاركردنی بودجه‌یه‌كی  پێویسته‌ بۆ به‌رێوه‌به‌ردنی فیستیڤاڵه‌كه‌یه‌ دیاركردنی شوێن و كاتی فیستیڤاڵ به‌جۆرێك بێت كه‌ به‌ وردی خوێندوه‌ی بۆ بكرێت هه‌ر له‌ ده‌ستنیشان كردنی كاتی سازدانی فیشتڤاڵه‌كه‌  وه‌كو شه‌و رۆژ  وه‌رز .. ئه‌مانه‌ خاڵی گرنگی سه‌ركه‌وتنی فیستڤاڵی ده‌بێ ئاگادراری  پشووه‌كانیش بین چونكه‌ كاریگه‌ری پۆزه‌تیفی له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ ده‌بێت دوایی و ئه‌و گروپ و تیپانه‌ی كه‌ بانگێشت ده‌كرێت له‌سه‌ر چ بنمایه‌ك ده‌ستنیشان ده‌كرێت له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وه‌كو میوان بانگێشت ده‌كرێن ده‌بێ  پێوه‌رێك هه‌بێت .

ktv

 له‌ 21-25/4/2019 له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر ،به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر به‌هاوكاری لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی  چواره‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆ شانۆی مۆنۆدرامای سازكرد ، كه‌  چه‌ندین تیپی شانۆیی له‌ كوردستان و عێراق ده‌روه‌ی عێراق به‌شدار بوون وه‌كو: (میسر ، لوبنان ، مه‌غریب ، ورمێ ، به‌غداد ، بابل ، مه‌هاباد ، سلێمانی ، دهۆك ، هه‌ولێر) به‌دابه‌ش كردنی خه‌ڵات كۆتایی به‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ هات كه‌ به‌م شێوه‌ی خواره‌ بوو:

-خه‌ڵاتی ره‌خنه‌ گران درا به‌ نمایشی (له‌ چه‌شنی ئاو ده‌ڕژێم) له‌ ده‌رهێنانی  هونه‌رمه‌ند مه‌هدی حه‌سن به‌رهه‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر بوو..

-خه‌ڵاتی دادوه‌رانی فیستڤاڵ به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ بوو:

1_ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كوڕ بۆ هونه‌رمه‌ند (ڕسول بانگین) له‌شانۆیی به‌یه‌ك ده‌گه‌ینه‌وه‌ به‌رهه‌می گروپی شانۆی ته‌خته‌ڕه‌ش له‌ شاری ورمێ .

2_  خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری كچ بۆ (خاتوو سه‌ما ئیبراهیم) له‌شانۆیی ئاناكارمن به‌رهه‌می وڵاتی میسر بوو .

3_ خه‌ڵاتی باشترین ده‌قی شانۆ به‌ هاوبه‌شی بۆ هه‌ردوو شانۆیی (سوڕه‌ییا) له‌نووسینی هه‌ڵكه‌فت ئیدریس عابدله‌ له‌دهۆك و(له‌ چه‌شنی ئاو ده‌ڕژێم) له‌ ده‌رهێنانی مه‌هدی حه‌سن هه‌ولێر.  

4_ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر بۆ شانۆیی (مردنی تا هه‌تایی) ده‌رهێنه‌ر "جیزیل خوری" له‌ وڵاتی لوبنان .

5_ خه‌ڵاتی باشترین نمایش بۆ شانۆیی (مردنی تا هه‌تایی) له‌وڵاتی لوبنان   .

 شایانی باسه‌ لیژنه‌ی داده‌وه‌ی فیستیڤاڵ پێك هاتبوون له‌هه‌ریه‌ك" د.كه‌ریم عه‌بود، یونس عوسمان ، پێشڕه‌و حه‌سن ، د.ئیكرام ئه‌شقه‌ر ، مۆفق رشدی".

لیژنه‌ی ڕه‌خنه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی فیستیڤاڵ  پێك هاتبوون له‌: "حه‌مه‌سوار عه‌زیز ، د.عبه‌د ئه‌لمهنا ، د. جه‌بار خه‌تات، د. سافره‌ ناجی، د.حسێن عه‌لی عارف، شكۆ عومه‌ر، كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس ، یوسف عوسمان ".

ktv

له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ راوسه‌رنجی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكان وه‌رگرتووه‌ لێره‌ دا ده‌یخینه‌ روو:

د. عه‌بدولره‌حمان ئه‌لته‌میمی مامۆستای په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا:چواره‌مین فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆشانۆی مۆنۆدراما كه‌رانه‌ڤاڵێكی هونه‌ری گه‌وره‌ی مه‌عریفی بوو، له‌ نێو جوانی هه‌ولێر من له‌و بڕوایه‌م كه‌ ئه‌م ڤیستڤاڵه‌ ئامانجی خۆی پێكا، چونكه‌ كۆمه‌ڵی كاری نایاب و جوانمان بینی سڵاو رێز بۆ رێكخرانی فیستڤاڵ بۆ به‌رێز هیوا سوعاد سه‌رۆكی فیستڤاڵ و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان لقی  هه‌ورلێر.

 هونه‌رمه‌ند ره‌سول بانگین له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان: زۆر خۆشحاڵم كه‌ئاماده‌ی ئه‌و فیستڤاڵه‌م من به‌ شانۆیی (به‌یه‌ك ده‌گه‌ینه‌وه‌) به‌شداربووم زۆر خۆشحاڵترم كه‌ خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌رم وه‌رگرت سه‌باره‌ت به‌ فیستڤاڵه‌ كه‌، گومانی تێدانیه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره‌ فیستڤاڵانه‌ سوودی زۆره‌ ،چونكه‌ شانۆ هۆكارێكه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی بیری مرۆڤایه‌تی.

هونه‌رمه‌ند "خه‌رمان هیرانی" له‌سه‌ر فیستیڤاڵه‌كه‌ گووتی: هه‌وڵدانێكی زۆر باشه‌ ئه‌م جۆره‌ فیستڤاڵانه‌ پێویست بكرێت، هه‌ستیش ده‌كه‌م فیستڤاڵه‌كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی وڵاتانی ئه‌ورپاش نه‌بێت ، بێگومان له‌ ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی دایه‌،به‌رنامه‌ رێژیه‌كی باشی بۆ كرابوو نمایشی جوانمان بینی له‌ هه‌مووی گرنگتر بوونی ئه‌و كۆڕه‌ شانۆیانه‌ بوو كه‌له‌ دوای هه‌رنمایشێك ئه‌نجام ده‌درا، كۆمه‌ڵی جوڵه‌ی جوان و ئه‌كته‌ری به‌توانامان بینی بۆیه‌ فیستڤاڵێكی دڵخۆشكه‌ر بوو ، دادوه‌ره‌كان له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌یان تاراده‌یه‌كی باش دادوه‌رانه‌ بوون ،له‌م حاڵاتانه‌ش له‌ هه‌موو فیستیڤاڵێك دا له‌ دوایی راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان قسه‌و گله‌یی هه‌رده‌بێت.

ktv

هاشم ئه‌لدفاعی سه‌رۆكی به‌شی شانۆی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی  به‌غدا : چواره‌مین فیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر بۆشانۆی مۆنۆدراما وێستگه‌یه‌كی جوانی هونه‌ری بوو چونكه‌ چه‌ندین نمایشی جوانمان بینی ، وه‌ ئاڵگۆری  كردنی ئه‌زموونه‌كان وێستگه‌یه‌كی تری ئه‌م فیستیڤاڵه‌ بوو.

هونه‌رمه‌ندی رۆژ هه‌ڵاتی كوردستان "سامان په‌یره‌وی ئیسلام" : فیستڤاڵێكی به‌هێز بوو ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ دوو تیپ له‌ رۆژ هه‌ڵاتی كوردستان ، به‌شداربووین به‌ڵام پێمان باش بوو تیپه‌ شانۆیه‌كانی تری وه‌ كو شاره‌كانی سه‌قز،بۆكان،سنه‌ ، ئیلان... به‌شداربن  له‌م فیستڤاڵه‌ پسپۆری شانۆی به‌ هێز به‌شدار بوون ، كه‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی دكتۆرا بوون ،له‌ دوای هه‌ر نمایشێك گفتۆگۆ له‌سه‌ر نمایشه‌كان ده‌كرا ، ئاستی نمایشه‌كان زۆر باش بوو مه‌رجیش نیه‌ هه‌موویان له‌یه‌ك ئاست بن ئه‌وه‌ش سروشتی هه‌ر فیستڤاڵێكه‌،سه‌باره‌ت به‌ خه‌ڵات هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك چاوی له‌ خه‌ڵاته‌ سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كه‌ی من كه‌ به‌شانۆگه‌ری (نارین) به‌شداربووم ئه‌و پێشوازییه‌ی بینه‌ران له‌ دوای نمایش له‌لای من گه‌وره‌ترین خه‌ڵات بوو بۆمن له‌ كۆتاییدا هیودارم ،ئه‌و فیستڤاڵانه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بێت.

ktv

هونه‌رمه‌ند عه‌لی ئه‌حمه‌د: فیستڤاڵه‌كه‌ زۆر به‌رێك وپێكی به‌رێوه‌ چوو چ له‌ رووی ته‌كنیكی چ له‌ رووی نمایشه‌وه‌ جیاوازی ئه‌م فیستیڤاڵه‌ له‌گه‌ڵ فیستڤاڵه‌كانی رابردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ساڵ نمایشی جوانترمان بینی جگه‌ له‌مه‌ش به‌شداری وڵاتانی عه‌ره‌بی فیستڤاڵه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو تر كرد، به‌تایبه‌تی وڵاتێكی وه‌كو میسر كه‌ به‌دایكی جیهان ناسراوه‌ بۆیه‌ ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی سازدانی ئه‌و فیستیڤاڵه‌.

ktv

هونه‌رمه‌ند كامه‌ران ره‌ئوف: ئه‌م فیستیڤاڵه‌ گرنگییه‌كی زۆر زۆری هه‌یه‌ پێشوازێكی زۆری لێكرا، چونكه‌ چه‌ندین میوان له‌ ده‌ره‌وه‌ بانگێش ده‌كات ،ئه‌مه‌واده‌كات ئه‌دب و فه‌رهه‌نگ و كلتوور به‌یه‌ك ئاشنا بن ،ئه‌وانیش  ئاشنا ده‌بن ، به‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌توانێ له‌و بوراده‌دا ئه‌سپی خۆی تاو بدات.

هه‌روه‌ها كامه‌ران ره‌ئوف گووتی:خاڵێكی تر ئێمه‌مانان له‌رێگه‌ی ئه‌و فیستڤاڵانه‌ وتاری شانۆیی ئه‌وان ده‌زانین له‌ هه‌مان كاتدا ئاشنا ده‌بین به‌ ئاستی شانۆیی ئه‌و وڵاتانه‌،هه‌ستیش ده‌كه‌م فیستڤاڵی ئه‌م ساڵ به‌رێوه‌پێش چوونی به‌خۆوه‌بینیوه‌،به‌ڵام پێوسته‌ بوودجه‌یه‌كی باشی بۆ ته‌رخان بكرێت ، بۆئه‌وه‌ی بتوانن هونه‌رمه‌ندی جیهانی و تیپی زۆرتر به‌شداربێت.

هونه‌رمه‌ند تووران ئیزناك له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان: سازكردنی فیستڤاڵ كارێكی گرنگ و پێویسته‌ من ئه‌م فیستڤاڵه‌م زۆر به‌هێز بینی،  ئه‌زموونێكی زۆر باش بوو بۆ ئێمه‌مانان ، فه‌رهه‌نگ و كلتوری وڵاتانی به‌شداربووانی فیستڤاڵم بینم، ئاڵوگۆركردنی بیروراكان بوو ، ئاشنایه‌تی باشی هونه‌ریم له‌ رێگه‌ی نمایشه‌كاندا په‌یداكرد ، خاڵێكی تریش فیستڤاڵه‌كه‌ زۆر به‌رێكی رێكخرا بوو ، بۆیه‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان ده‌كه‌م هیوای به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم، سوپاس گوزاریان ده‌كه‌م.

ktv

سه‌رباره‌ت به‌ ئاماده‌بوونی بینه‌ران له‌ نمایشه‌كان خاتوون تووران ئیزناك گووتی: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو له‌لای من ئاماده‌بوونی ئه‌و بینه‌ره‌ زۆره‌ بوو له‌ نمایشه‌كان ، وه‌كو زانراوه‌ شانۆی مۆنۆدراما بۆ بینه‌ر كارێكی ئاسان نیه‌ چونكه‌ ئه‌ك ئه‌كته‌ر نواندن ده‌كات  به‌ڵام، بینه‌ران زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ ئاماده‌ی نمایشه‌كان ده‌بوون ، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ نمایش هه‌بوو ماوه‌كه‌ی زۆر درێژ بوو به‌ڵام  بینه‌ران هه‌رگیز ،وه‌ڕز نه‌ده‌بوون ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت بینه‌ری شانۆ بینه‌رێكی هۆشیاره‌ حه‌زی له‌ شانۆیه‌، ئه‌وه‌ش بۆمن ماییه‌ی خۆشحاڵی بوو. 

هونه‌رمه‌ند به‌كر مه‌عروف: سه‌ره‌تا من ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ ده‌كه‌م كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندین فیستڤاڵی شانۆیی ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندان له‌ژێر چه‌تری ئه‌م فیستڤاڵه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ بۆیه‌ من به‌جه‌ژنێكی هونه‌رمه‌ندان ده‌زانم نابێ ئه‌وه‌ش له‌ یاد بكه‌ین سازدانی فیستیڤاڵ كارێكی ئاسان نیه‌ ، بۆیه‌ ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م من پێشنارێكم هه‌یه‌ بۆ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كه‌بریتییه‌ له‌وه‌ی گرنگی زیاتر به‌ تیپه‌ شانۆییه‌كان بدرێت بودجه‌یان بۆ بگرێته‌وه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌ بوودجه‌كه‌ بڕاوه‌، ده‌رگایان داخرون ناتوانن كاری شانۆیی بكه‌ن، هیوردارم له‌ كابینه‌ی نوێ زیاتر گرنگی به‌ تیپه‌ هونه‌رییه‌كان بدرێت بایه‌خ به‌ هه‌موو بواره‌كانی تر بدرێت.

ktv

 هونه‌رمه‌ند هێرۆ جه‌واد: من ده‌ست خۆشی ته‌واو له‌م فیستڤاڵه‌ و له‌ هه‌موو فیستڤاڵاكانی تر كه‌، له‌ هه‌ر شار و شارۆچكه‌یه‌ك سازده‌كرێت ده‌كه‌م ، بێگومان بوونی پێشبركێ له‌ نێوان ئه‌كته‌ره‌كان كارێكی سروشتیه‌ هیوای به‌رده‌وامی بۆ فیستڤاڵه‌كه‌ ده‌خوازم.

هونه‌رمه‌ند قاسم نوری: سه‌ره‌رایی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵ رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری شانۆ توانیویه‌تی به‌رده‌وامی به‌و فیستڤاڵه‌ بدات ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی گه‌وره‌ی شارستانییه‌ ، كه‌چه‌ندین تیپی شانۆیی جیهانی به‌شداری ئه‌و فیستیڤاڵه‌ن له‌ ماوه‌ی پێنج رۆژدا چه‌ندین كاری جوان و ستایلی جوانمان بینی ،ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ له‌ دوای هه‌ر نمایشێك كۆرشانۆیی بۆ نمایشكه‌ ده‌كرێت كه‌ زۆر به‌سووده‌ تارده‌یه‌ك چه‌مكی شانۆی مۆنۆدراما له‌لامان روونتر بوو.

ktv

شانۆكار (ئاهون مه‌حمودی ئازر) له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ فیستڤاڵه‌كه‌ ده‌كات: ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی راكێشام بوونی ئه‌و كۆره‌ ره‌خنه‌یانه‌ بوو كه‌ له‌ دوای نمایشه‌كان ده‌كرا، به‌ جۆرێك بۆهه‌ر نمایشێك كه‌سێكی پسپۆر قسه‌ی له‌سه‌ر شانۆیه‌كه‌ ده‌كرد ،بۆیه‌ زۆر به‌سوود بوون،هه‌م بۆ بینه‌ران و هه‌م بۆ خودی ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كان، له‌ هه‌مووی گرنگتر له‌م كۆرانه‌دا هه‌موو كه‌سێك ئازادانه‌ راو سه‌رنجی خۆیان ده‌خسته‌ روو ، ده‌ستخۆشی له‌ رێكخه‌رانی ئه‌م فیستڤاڵه‌ ده‌كه‌م .

ktv

كوردستان تیڤی/ كامران