زیان به‌ پێستی خانمان ده‌گه‌یه‌نێت ئاگاداری ئه‌م پاككه‌ره‌وه‌بن

پاككه‌ره‌وه‌كه‌ له‌جۆری (پلورا)یه‌


لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر مادده‌ی پاككه‌ره‌وه‌‌ ده‌گرن و نوێنه‌ری كوالێتی كۆنترۆڵی سلێمانی ده‌ڵێت زیان به‌ پێستی خانمان ده‌گه‌یه‌نێت.


چیمه‌ن بایز، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنترۆڵی جۆری سلێمانی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند؛ به‌هۆی گومانی خراپ بوون له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ته‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر مادده‌ی پاككه‌ره‌وه‌دا گیراوه‌ و نمونه‌ی ره‌وانه‌ی كوالێتی كۆنترۆڵ كراوه‌ بۆ پشكنین.


وتی؛ ئه‌و پاككه‌ره‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌جۆری (پلورا)یه‌ بڕه‌كه‌ی (35) تۆنه‌ و به‌ بۆنه‌كانی شلك و لیمۆ سێو دروستكراوه‌، بۆ شتنی قاپ و پێداوستی ناوماڵ به‌كارده‌هێنرێت.


وتیشی؛ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێتی كۆنترۆڵ پشكنینی كیمیایی بۆ كراوه، ده‌ركه‌وتووه كه‌ شیاوی به‌كارهێنان نییه‌ و زیان به‌ پێستی ئه‌و خانمانه‌ی به‌كاریده‌هێنن ده‌گه‌یه‌نێت.


راشیگه‌یاند؛ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ ته‌واوی ئه‌و مادده‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌ی روبه‌روی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز