ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده‌ : ره‌وشی ئه‌مریكییه‌كان وه‌ك گۆشت وایه‌ له‌نێو ددانه‌كانماندا

پێشتر بۆ ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌بوون ئێستاش هه‌لێكن

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئه‌میر عه‌لی حاجی-زاده‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئه‌مریكا كرد به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌شتی جه‌نگیی له‌ كه‌نداو.

به‌پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی خوێندكارانی ئێرانی (ISNA) حاجی-زاده‌ رایگه‌یاندووه‌ "كه‌شتی جه‌نگی به‌ نزیكه‌ی 40-50 فڕۆكه‌ی جه‌نگی و شه‌ش هه‌زار كارمه‌ند كه‌ سه‌ره‌تا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بوو بۆ ئێمه‌، ئه‌مڕۆ ئامانجه‌".

حاجی-زاده‌ ئاماژه‌ی به‌ نزیكی پێگه‌ی كه‌شتی فڕۆكه‌ هه‌ڵگره‌كه‌ی ئه‌مریكای كرد له‌ كه‌نداو له‌ هێزه‌كانی ئێرانه‌وه‌ و گوتی: "ره‌وشی ئه‌مریكییه‌كان وه‌ك گۆشت وایه‌ له‌نێو ددانه‌كانماندا. ئه‌گه‌ر جووڵه‌ بكه‌ن ده‌ده‌ین به‌سه‌ریاندا. ئه‌وانه‌ پێشتر بۆ ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌بوون ئێستاش هه‌لێكن".

گوتیشی: "خاوه‌ن مووشه‌كی ئه‌وتۆین كه‌ توانای پێكانی به‌له‌میان هه‌یه‌ له‌ دووری 300 كیلۆمه‌تر. ئه‌و شوێنانه‌ی له‌ ئێمه‌وه‌ نزیكن. مه‌ودای ئه‌و مووشه‌كانه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ 700 كیلۆمه‌تر".