كاره‌بای نیشتیمانی بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ ده‌كوژێنرێته‌وه‌

پچڕانه‌كه‌ بیره‌ ئاوه‌كان و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای ڕاپه‌ڕین  هاوڵاتیان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 4 ڕۆژ كاره‌بای نیشتیمانی به‌ هۆكاری چاككردنه‌وه‌ و چاكسازی كردن له‌ هێڵه‌كانی (123) كه‌یڤی نێوان چوارقوڕنه‌- دوكان ده‌بڕدرێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌ عه‌لی مه‌حه‌مه‌د عه‌لی، به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای ڕاپه‌ڕین به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: له‌ كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌وه‌ كاره‌بای نیشتیمانی ئیداره‌كه‌ به‌هۆكاری كاركردنی به‌شی چاكسازی هێڵه‌كانی په‌ستان به‌رزی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی له‌ هێڵه‌كانی (123) كه‌یڤی نێوان چوارقوڕنه‌ و دوكان و به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی كردن له‌و هێڵانه‌دا ده‌پچڕێت.

ڕاشیگه‌یاند: كاره‌بای نیشتیمانی ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی 7 كاتژمێر ده‌پچڕێت و ئه‌م چاكسازییه‌ش كاره‌بای بیره‌ ئاوه‌كان و فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌.