یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت به‌ 71 دۆلار و 20 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت

له‌ به‌رامبه‌ردا نرخی خاوی ئه‌مریكا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد

نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، رووی له‌ دابه‌زین كرد و له‌ به‌رامبه‌ردا نرخی خاوی ئه‌مریكا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆماركرد و ھه‌ر به‌رمیلێكی برێنت به‌ ٧١ دۆلار و ٢٠ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

ھه‌ر چه‌نده‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین رایگه‌یاندبوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌ بازرگانییه‌كان شاندێك ره‌وانه‌ی ئه‌مریكا بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ ھیچ كاریگه‌ری نه‌كردووه‌ته‌ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا.

ھه‌روه‌ها به‌شێكی دابه‌زینی نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ھێشتا ھیچ داتایه‌ك له‌باره‌ی كاریگه‌ری سزاكه‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریكا په‌یوه‌ست به‌ كڕینی نه‌وتی ئێران له‌ لایه‌ن وڵاتانه‌وه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ كاتژمێر ٠٧:٠١  نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ڕێژه‌ی ٠،٠٧ له‌سه‌دا دابه‌زی و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٧١ دۆلار و ٢٠ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نرخی خاوی ئه‌مریكا له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ڕێژه‌ی ٠،١٨ له‌سه‌دا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمار كرد و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٦٢ دۆلار و ٣٦ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت