لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەک 13 سەرنشین گیانیان لەدەستدا

لە فڕۆکەخانەیەکی شاری مۆسکۆ پایتەختی رووسیا

لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەیەکی شاری مۆسکۆ پایتەختی رووسیا، گری گڕت و بەو ھۆیەوە 13  سەرنشین گیانیان لەدەستدا.

بەپێی ئەو ھەواڵانەی لە میدیاکانی رووسیا بڵاوبوونەتەوە، فڕۆکەیەکی جۆری SSJ-100 کە سەر بە کۆمپانیای Rus Aeroflot لە فڕۆکەخانەی شەرەماتیۆڤۆ ھەڵساوە و ماوەیەک کەم لە فڕین بۆ نیشتنەوەی بەپەلە گەڕاوەتەوە فڕۆکەخانە. 

لەکاتی نیشتنەوەی بەپەلە، بەشی پشتەوەی ئەو فڕۆکەیە گڕی گرت و لە ناوەڕاستی رێڕەوی نیشتنەوە فڕۆکەخانە راوەستا، دواتریش سەرنشینەکان بەپەلە دەرھێنران. 
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی رووس تاس، 13 کەس لە کۆی گشتی 73 گەشتیار و پێنج کارمەندی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە کۆمپانیای Aeroflot بڵاوکراوەتەوە، بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە بزوێنەر، فڕۆکەکە گڕی گرتووە. 

راشگەیەندرا کە ئاگرەکە کوژاوەتەوە و بەشی پشتەوەی ئەو فڕۆکەیە بە تەواوی سووتاوە. 

لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکرد.

سه‌رچاوه‌-  AA
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز