له‌ كه‌ركووك داوای چۆڵكردنی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌ كورده‌كان ده‌كرێت

دوای خیانه‌تی 16 ئۆکتۆبەر عەرەبە هاوردەکان گەڕانەوە


چوارده‌ گوند سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركووك به‌ زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كان و دانیشتوانه‌كه‌شی به‌ بریارێكی سیاسی له‌ لایه‌ن دادگای كه‌ركووكه‌وه‌ داوایان لێده‌كرێت ئه‌م ناوچانه‌ چۆڵ بكه‌ن.

بڕیارێکی دادگای کەرکووک بۆ کشتوکاڵی سنووری سەرگەڕان نێردراوە، تێیدا داوا دەکرێت زەویی کشتوکاڵی 14 گوندی کوردیی وەکو گوندەکانی، پەڵکانە، غەرابە، سارەلوو، پڕکانیانە و سەر بەشاخ بدرێنە عەرەب.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی نیسان له‌ دژی داگیركردنی زه‌وییه‌كانیان له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌، جووتیارانی كورد له‌ سنووری گونده‌كانی سه‌رگه‌ڕان گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان ئەنجامدا له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا پێداگریی خۆیان نیشاندا له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی له‌ شوێنه‌كانی ئێستایاندا ئه‌گه‌ر له‌ژێر خێوه‌تیشدا بێت، دوای ئه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م داوا له‌ 600 خێزان كراوه‌ ئه‌و سنوره‌ به‌جێبهێڵن.

گونده‌كانی چۆپلیجه‌، هه‌نجیره‌ و باجوان له‌ باكوری خۆرئاوای شاری كه‌ركووك ناڕه‌زاییان نیشاندا دژی بڕیارێكی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌، كه‌ به‌ پاساوی زیاده‌ڕۆییه‌وه‌ داوای رۆیشتنیان ده‌كات.

چه‌ند رۆژێكه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌بیانووی زیاده‌ڕۆییه‌وه‌ داوایان لێكراوه‌ ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن، پێشتر عەرەبە هاوردەکان چووبوونە سەر گوند كورد نیشینه‌كان هەڕەشەی دەرکردنیان لێکردبوون.

به‌شێك لەو هاووڵاتییە ناڕازیانە دەڵێن: به‌هۆی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ سنووری كه‌ركووك عه‌قڵیه‌تێكی شۆڤێنیزمی حوكم ده‌كات و ده‌یه‌وێت زه‌وی جووتیارانی كورد داگیر بكانه‌وه‌، ده‌شڵێن: به‌عەرەبکردنێکی دیكه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌ و جه‌ختیشیان كرده‌وه‌ ئه‌وان له‌ مافه‌كانیان خۆش نابن و داوای زه‌وییه داگیركراوه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه.‌

شایه‌نی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی بەتاپۆ موڵکی کوردن، بەڵام دوای ساڵی 1975 بەر شاڵاوی بەعەرەبکردن کەوتوون، دوای شەڕی عێراق لە ساڵی 2003، عەرەب ناوچەکانیان چۆڵکرد و خاوەنە رەسەنەکانیان گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان، بەڵام دوای خیانه‌تی 16 ئۆکتۆبەر عەرەبە هاوردەکان گەڕانەوە و ئێستاش خۆیان بە خاوەنی ئەو زەوییانە دەزانن و داوای دەرکردنی کورد دەکەن.

ئا: سامان زاهیر