16 كه‌س خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا كاندید كردووه‌

له‌نێو ئه‌و ژماره‌یه‌دا یه‌ك ئافره‌ت هه‌یه‌

ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا شێخ بونیان ئه‌لجه‌ڕبا له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندووه‌: ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا كاندید كردووه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 16 كه‌س.

روونیشیكرده‌وه‌ له‌و رۆژه‌وه‌ی ده‌رگای خۆ پاڵاوتن بۆ ئه‌و پۆسته‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژی 15ی ئه‌م مانگه‌ بوو تاوه‌كو ئێستا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ پۆستی پارێزگاری نه‌ینه‌وا كاندید كردووه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ 16 كه‌س، له‌نێو ئه‌و ژماره‌یه‌دا یه‌ك ئافره‌ت هه‌یه‌.

گوتیشی: پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاتر ببێت، چونكه‌ هێشتا چوار رۆژ بۆ خۆ كاندید كردن بۆ پۆسته‌كه‌ ماوه‌.

ده‌شڵێت: ئومێد ده‌كه‌ین كه‌سێكی شیاو بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێردرێت كه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وا بكات.

پاش كاره‌ساتی به‌له‌مه‌كه‌ی مووسڵ له‌ ئاوی دیجله‌ كه‌ بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی زیاتر له‌ 117 كه‌س و هۆكاره‌كه‌ی بۆ "كه‌مته‌رخه‌می"ی لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی مووسڵ به‌تایبه‌ت پارێزگار گه‌ڕێنرایه‌وه‌، 24ی ئادار ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا پارێزگار "نه‌وفل سوڵتان ئه‌لعاگوب"ی له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی لابرد.