پۆمپیۆ: ئه‌مریكا كه‌ڵك له‌ هه‌موو ئامرازێك وه‌رده‌گرێت له‌ دژی حكومه‌تی مادۆرۆ

تا حكومه‌تی مادۆرۆ و لایه‌نگرانی به‌ تاوانی گه‌نده‌ڵیی و سه‌ركوتكردنی دیموكراسیی ناچار بكات به‌رپرسیارێتیی هه‌ڵگرن

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت واشنتن له‌ هه‌رچی ئامراز و كه‌ره‌سته‌ی سیاسیی و ئابووریی هه‌یه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی نیكۆڵاس مادۆرۆ به‌رپرسیارێتیی هه‌ڵگرێت له‌ به‌رامبه‌ر هاوڵاتییانی ڤه‌نزوێلادا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌مریكا خوان گوایدۆ رێبه‌ری ئۆپۆزیسیۆنی حكومه‌تی ڤه‌نزوێلا وه‌ك سه‌رۆك كۆماری كاتیی ئه‌م وڵاته‌ ده‌ناسێت و وێڕای 50 وڵاتی دیكه‌ خوازیاری به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاده‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ له‌م وڵاته‌دا.

مایك پۆمپیۆ رۆژی رابردوو كه‌ له‌ پاراگوای بوو له‌باره‌ی چاره‌نووسی ڤه‌نزوێلا وتی: ئه‌مریكا به‌ردوام ده‌بێت له‌ به‌ركاهێنانی هه‌موو ئامرازێكی ئابووریی و سیاسیی بۆ یارمه‌تیدانی هاوڵاتییانی ڤه‌نزوێلا.

ناوبراو له‌ناو ژماره‌یه‌كی زۆری كۆچبه‌رانی ڤه‌نزوێلا كه‌ له‌ پاراگوای ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن وتی: واشنتن سزای جۆراوجۆر و ره‌تكردنه‌وه‌ی ڤیزه‌ و چه‌ندین رێكاری دیكه‌ ده‌گرێته‌به‌ر له‌ دژی به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌ تا حكومه‌تی مادۆرۆ و لایه‌نگرانی به‌ تاوانی گه‌نده‌ڵیی و سه‌ركوتكردنی دیموكراسیی ناچار بكات به‌رپرسیارێتیی هه‌ڵگرن و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی كرداره‌كانیان بن.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی /  مه‌سعود

سه‌رچاوه‌ / رادیۆ فه‌ردا