با و بۆرانی به‌هێز له‌ باشووری ئه‌مریكا بوو به‌ هۆی كوژرانی 8 كه‌س

ره‌شه‌باكه‌ 241 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێردا خێرایی هه‌بووه‌

ئه‌مڕۆ سه‌رله‌ به‌یانیی دووشه‌ممه‌ به‌كاتی ناوچه‌كه‌ شه‌پۆلێكی با و بۆرانی به‌هێز ویلایه‌ته‌كانی باشووری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ 8 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

جیا له‌مه‌ش بارانی به‌لێزمه‌ بووه‌ته‌ هۆی هه‌ڵسانی لافاو و گیرانی جاده‌ و بانه‌كان له‌ ویلایه‌تی ته‌كساس.

هه‌روه‌ها له‌ ویلایه‌تی میسی سیپی و ته‌كساس و ئه‌ركانزاس و جۆرجیا و لویزیانا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كاره‌بای 90 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و پیشه‌یی بڕاوه‌.

 له‌ناو كوژراوانیشدا دوو منداڵ هه‌بوون كه‌ به‌ هۆی كه‌وتنی دره‌ختێك به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی شاری ئه‌نجه‌لینای ویلایه‌تی ته‌كساسیش وتوویه‌تی كه‌ 25 كه‌س له‌ بریندارانی شاره‌كه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، كه‌  بارودۆخی دوو كه‌س له‌وان ناجێگیره‌.

شایه‌نی باسه‌ ئه‌و ره‌شه‌بایه‌ی كه‌ ویلایه‌ته‌كانی باشووری وڵاتی ئه‌مریكای گرتووه‌ته‌وه‌ تا 241 كیلۆمه‌تر له‌ كاتژمێردا خێرایی هه‌بووه‌.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی /  مه‌سعود

سه‌رچاوه‌ / ده‌نگی ئه‌مریكا