حکومەتی هەرێم لێکۆڵینەوەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە ده‌ست پێده‌كات

لەچەند رۆژی رابردوو گۆرێكی به‌ كۆمه‌ڵ دۆزرایه‌وه‌

وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان  رایگه‌یاند: وەزارەتەكەمان شاندێكی پێكهێناوەو سەردانی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی سەماوە دەكات .

ئەمڕۆ 4/14 لەیادی كارەساتی ئەنفالدا، لەزۆرێك لەشارو و چارۆچكەكانی كوردستان مەراسیمی تایبەت بەو یادە ئەنجامدرا، كە یەكێك لەو مەراسیمانە لەناوجەرگە و پایتەختی ئەنفال لە گەرمیانی جینۆسایدكراو بەڕێوەچوو.

له‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا، مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە وتارێكدا ئاشكرایكرد، گوتی: وەزارەتەكەمان شاندێكی پێكهێناوەو سەردانی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی سەماوە دەكات، كە لەچەند رۆژی رابردوودا دۆزراونەتەوە، بۆ ئەوەی هەموو رێكارێك بگرینەبەر تا ئەو رووفاتانە بە كەسوكاریان و خاكی پیرۆزی كوردستان شاد ببێته‌وه‌.

لەساڵیادی ئەنفالدا، مەراسیمێك لە گوندی دێبنەی ناحیەی رزگاری لە گەرمیان به‌رێوه‌چوو و تێدا ژمارەیەكی زۆر لە كەسوكاری ئەنفالكراوان بەجل و بەرگی رەشەوە و بەبەرزكردنەوەی وێنەی ئازیزانیان یادەكەیان كردەوە.

دارشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: سامان زاهیر