ئه‌یاد عه‌للاوی داوای ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات

به‌ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ عێراق ده‌بێته‌ وڵاتێكی مه‌ده‌نی

سه‌رۆكی ئیتیلافی وه‌ته‌نییه‌، ئه‌یاد عه‌للاوی داوای كرد كه‌ حه‌شدی شه‌عبی ھه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ به‌ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، عێراق ده‌بێته‌ وڵاتێكی مه‌ده‌نی.

ئه‌یاد عه‌للاوی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی كه‌ دژبه‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش تۆماركراوه‌ و سه‌رجه‌م ناوچه‌كانیش كۆنتڕۆڵكرانه‌وه‌، ئه‌ركی حه‌شدی شه‌عبی له‌ عێراق كۆتایی ھاتووه‌".

سه‌رۆكی ئیتیلافی وه‌ته‌نییه‌ پێشنیازیكردووه‌ ھه‌ر چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ توانای ھه‌یه‌، بچێته‌ ناو ریزه‌كانی سوپا یان پۆلیسی فیدرال یان پۆلیسی ناوخۆ و داواشیكردووه‌ كه‌ گرنگه‌ توانای سوپا به‌ھێزتر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایشی وڵات پته‌وتر بێت.

سه‌رۆكی ئیتیلافی وه‌ته‌نییه‌، ئه‌یاد عه‌للاوی هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی "به‌ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، عێراق ده‌بێته‌ وڵاتێكی مه‌ده‌نی".