كیم جونگ ئون تا كۆتایی ئه‌مساڵ ده‌رفه‌تی داوه‌ به‌ ئه‌مریكا

كیم جونگ ئون: ئه‌مریكا واده‌زانێت ئه‌گه‌ر گوشار بخاته‌ سه‌رمان ده‌توانێ ئێمه‌ بخاته‌ ژێر فه‌رمانی خۆیه‌وه‌

كیم جونگ ئون رێبه‌ری كۆریای باكوور وتوویه‌تیی ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هه‌ڵسوكه‌وتی گونجاو بگرێته‌به‌ر ئاماده‌یه‌ بۆ سێیه‌مجار  دیدار له‌گه‌ڵ ترامپ بكات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تا كۆتایی ئه‌مساڵ ده‌رفه‌ت ده‌دات به‌ ئه‌مریكا تا ده‌ست هه‌ڵگرێت له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی دوژمنكارانه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ راگه‌یاندنه‌كانی كۆریای باكوور ئه‌م هه‌واڵه‌یان راگه‌یاند و له‌سه‌ر زاری رێبه‌ری وڵاته‌كه‌وه‌ نووسییان: باش ده‌بێت ئه‌گه‌ر دۆناڵد ترامپ به‌دوای رێككه‌وتنێكی دادپه‌روه‌رانه‌ و مایه‌ی قبوڵكردن بێت بۆ هه‌ردووك وڵات نه‌ك ته‌نیا بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی.

كیم جونگ ئون وتوویه‌تیی: ئه‌نجامی دانیشتنه‌كه‌ی  " هانۆی " پایته‌ختی ڤیێتنام ئه‌و گومانه‌ی له‌لام درووستكردووه‌ كه‌ ئایا ئه‌مریكا به‌ڕاستی به‌نیازه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور باشتر بكات یان نا.

رێبه‌ری كۆریای باكوور ئه‌وه‌شی وت: ئه‌مریكا به‌ هه‌ڵه‌داچووه‌ و واده‌زانێت ئه‌گه‌ر گوشار بخاته‌ سه‌رمان، ئه‌وا ده‌توانێ ئێمه‌ بخاته‌ ژێر فه‌رمانی خۆیه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵمان بكات.

هه‌ڵبه‌ت كیم جونگ ئون ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی تایبه‌تیی و تاكه‌ كه‌سیی نێوان خۆی و دۆناڵد ترامپ په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رموگوڕه‌.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی /  مه‌سعود

سه‌رچاوه‌ / بی بی سی