ئه‌مریكا: له‌بنكه‌یه‌ك له‌ عێراقدا داعشه‌ بیانیه‌كان ده‌ستبه‌سه‌رده‌كرێن

وڵاتانى ئه‌وروپا ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌داعشه‌ بیانیه‌كان وه‌رگرنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان


وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا ئه‌ورسولا فوندیر لین ڕایگه‌یاند له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا گفتوگۆمان كردووه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووسی داعشه‌ بیانییه‌كان ئه‌و دۆسییه‌یه‌ی كه‌ بۆته‌ هۆی ناكۆكی نێوان ئه‌ڵمانیا و واشنتن.


 وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا گوتیشی له‌ میانی چاوپێكه‌وتنیشی له‌گه‌ڵ پاتریك شاناهان وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا به‌ وه‌كاله‌ت جه‌ختی له‌وه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ كه‌ هه‌موو حاڵه‌ت و دیارده‌كان به‌ڕێگای خۆمان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین و سنووری بۆ داده‌نێن.

 دوای ئه‌وه‌ی كه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ڕه‌تیان كرده‌وه‌ هاووڵاتییه‌ داعشه‌كانیان وه‌رگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ سووریا و عێراق جه‌نگاون و گوتیشیان ده‌بێت له‌و شوێنه‌ی كه‌ تاوانیان تیادا ئه‌نجام داوه‌ دادگایی بكرێن، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پنتاگۆن ڕایگه‌یاندووه‌ واشنتن ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و تیرۆریستانه‌ هه‌ڵبێن بۆیه‌ پێشنیاری بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه‌ كه‌ بنكه‌یه‌ك له‌ عێراق بكرێته‌وه‌ و ئه‌و داعشه‌ بیانیانه‌ی تیادا ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام خه‌رجی و پێداویستییه‌كانیان له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ دابین بكرێت.