پاپاى ڤاتیكان پێلاوى سەركردە سیاسییەكانی باشووری سودان ماچ ده‌كات

پاپا داواى لێكردن كۆشش بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بده‌ن

پاپا فرانسیسی ڤاتیكان و رێبەری کاسۆلیکەکانی جیھان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی باشووری سودان، پێڵاوەكانی ماچ كردن و تكای بەدیهێنانی ئاشتی لێكردن.

پاپا فرانسیس ئه‌مرۆ هەینی لەگەڵ سالڤا کییر سەرکۆماری باشووری سوودان و ریك مشار جێگری پێشووی سەركۆماری باشووری سودان و ركابەری سالڤا كییر، هەروەها لەگەڵ سێ جێگری تری سەركۆماری باشووری سودان كۆبووەوە، تكای لێكردن ڕێزی ئاگربەست بگرن و پابەندی پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتوو بن لە ماوەی مانگێكدا.

پاپا فرانسیس پێشتریش لە ساڵی 2016دا لە میانی سەردانیكردنی كەمپێكی پەنابەران لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، پێی پەنابەرانی ماچ كرد و تكای لە جیهان كرد یارمەتی پەنابەران بدەن.

پاپا فرانسیسی تەمەن 82 ساڵ، بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش كەوتە سەر چۆك و لەبەردەم سەركردەكانی باشووری سودان دانەویەوە و پێڵاوەكانی ماچكردن، سەركردەكانی باشووری سودانیش جگە لە سەرسۆڕمان هیچ كاردانەوەیەكی تریان نەبوو، به‌شێوه‌یه‌ك لێگەڕان پاپا فرانسیس پێڵاوەكانیان ماچ بكات.