له‌ ئاكرێ 35 ته‌ن كه‌لوپه‌لی ماوه‌ به‌سه‌رچوو له‌ناوبران

له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ناوشار و ده‌وروبه‌ری ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرابوو

لیژنه‌ی باڵای قائیمقایمی قه‌زای ئاكرێ 35 ته‌ن كه‌لو په‌لی ماوه‌ به‌سه‌رچووی له‌ناوبرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شه‌هاب یاسین به‌رپرسی بنكه‌ی چاودێری بازرگانی ئاكرێ و نوێنه‌ری لیژنه‌ی چاودێری له‌ لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان تیڤی ڕایگه‌یاند: ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی باڵاوه‌ له‌ ناوبران بریتی بوون له‌ 35 ته‌ن كه‌ 30 ته‌ن له‌و كه‌ل و په‌لانه‌ بریتی بوو له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و كه‌لوپه‌لی جوانكاری ماوه‌ به‌سه‌رچوو، 5 ته‌نه‌كه‌ی دیكه‌ بریتی بوو له‌ ده‌رمان.

ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌ی كه‌ له‌ناوبران له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ناوشار و ده‌ور و به‌ری ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرابوو.

به‌رپرسی بنكه‌ی چاودێری بازرگانی ئاكرێ هه‌روه‌ها سوپاسی ده‌زگاكانی ئاسایشی كرد بۆ ئه‌رك و ماندوو بوونیان و به‌رده‌وام چاودێری كردنی بازاڕ، هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌و فرۆشیار و ده‌رمانخانانه‌ی كرد كه‌ كه‌ل و په‌له‌ ماوه‌ به‌سه‌ر چوو و ده‌رمانه‌ ئێكسپایه‌ره‌كانی ڕاده‌ستی لیژنه‌كه‌ی باڵای چاودێری بازرگانی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌.

ڕه‌نجبه‌ر ئاكره‌یی