هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی سه‌ر به‌ سوپای ئێران كه‌وته‌ خواره‌وه‌

یاریده‌ده‌ری فڕۆكه‌وانه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و شه‌ش كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون

میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌، هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازیی سه‌ربه‌ سوپای ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌ی دالامپه‌ر سه‌ربه‌ ناحیه‌ی سیلڤانا له‌ سنووری شاری ورمێ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و له‌ ئاكامدا یاریده‌ده‌ری فڕۆكه‌وانه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و شه‌ش كه‌سی دیكه‌ش كه‌ كارمه‌ندی ئه‌منی بوون برینداربوون.

دوابه‌دوای رووداوه‌كه‌ هێلیكۆپته‌رێك و 10 ئۆتۆمبێلی فریاكه‌وتن ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ كران و برینداران گواسترانه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ كرا كه‌ رووداوه‌كه‌ له‌ میانی به‌رزبوونه‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ و به‌ هۆی تونده‌باوه‌ روویداوه‌.