وه‌زاره‌تی دارایی: تا ئێستا هیچ بڕیارێك ده‌رنه‌كراوه‌ بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەی خانوو و هاوسەرگیری

هه‌ر كات بڕیاره‌كه‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن ده‌ست ده‌كرێت به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ بڕیارێكی ده‌رنه‌كردووه‌ بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەی خانوو و هاوسەرگیری.

نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی پێشینه‌ی هاوسه‌رگیری و خانووبه‌ره‌ نه‌دراوه‌. 

ڕاشیگه‌یاند: هه‌ر كاتێك بڕیاره‌كه‌ بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن ئه‌وا ده‌ست ده‌كرێت به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان. 

له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ گه‌شتی هه‌واڵه‌ ئابووریه‌كان لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: ئه‌وان گرێنتیان له‌ وه‌زیری دارایی وه‌رگرتووه‌ بۆ دواخستنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان تا چه‌ند مانگێكی دیكه‌. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كردووه‌ به‌پێی پڕۆژه‌كه‌ قه‌رزه‌كان كه‌ هی چوار ساڵه‌ به‌ میكانیزمێك به‌ هه‌مان ماوه‌ له‌ هاووڵاتیان وه‌ربگیرێته‌وه‌.

 

ئاماده‌كردنی / سیامه‌ند كه‌ریم