نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌

به‌ 70 دۆلار و 82 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت

نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رووی له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ كردووه‌ و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٧٠ دۆلار و ٨٢ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

چاودێران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ به‌ ھۆی گه‌شبینییه‌كان له‌ باره‌ی سه‌قامگیری بازاڕه‌كانی نه‌وت و به‌رده‌وامبوونی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان له‌ لیبیا و ڤێنیزوێلا كاریگه‌ریان ھه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ وه‌زیری وزه‌ی ئیمارات، سوھه‌یل مه‌زروعی رایگه‌یاندبوو كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئۆپێك و به‌رھه‌مھێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ، بووه‌ته‌ مایه‌ی به‌دیھێنانی ھاوسه‌نگی له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا.

له‌ كاتژمێر ٠٦:٠٦ نرخی خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ڕێژه‌ی ٠،٣٠ له‌سه‌دا به‌رزبوویه‌وه‌ و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٧٠ دۆلار و ٨٢ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

به‌ھه‌مانشێوه‌ نرخی خاوی ئه‌مریكا له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا، به‌ڕێژه‌ی ٠،٤١ له‌سه‌دا به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمار كرد و ھه‌ر به‌رمیلێكی به‌ ٦٤ دۆلار و ٢٣ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.