ئومێد شێركۆ: باوكم زۆر هانی ده‌دام كه‌له‌سه‌ر شاری رواندز بنووسم

تائێستا 3 كتێبی چاپكراوم هه‌یه‌

دیمانه‌/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

"ئومێد شێركۆ" ساڵانێكه‌ له‌ بواری نووسین و راگه‌یاندن كار ده‌كات به‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌نێو بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی كاری نووسین و خوێندنه‌وه‌ بوونی هه‌بووه‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئومێدیش، هه‌بێت ئه‌و له‌ ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ رێگه‌ی بڵاوكردنی بابه‌تی هه‌مه‌جۆر له‌سه‌ر شاری رواندز و ناوچه‌كه‌،  له‌ رۆژنامه‌ وگۆڤاره‌كان  خزمه‌تێكی باشی به‌ شاره‌كه‌و راگه‌یاندنی كوردی كردوه‌.. بۆ زیاتر ئاشنا بوون به‌ كارو چالاكییه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵیدا سازكرد.

 *سه‌ره‌تا كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی ئه‌ده‌بی ومیدیایی خۆی باس بكه‌یت؟

-  ناوم"ئومێد شێركۆ شاكر مه‌جروم" له‌ ساڵ 1962 له‌شاری روانز له‌ دایك بووم ، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی له‌خێزانێكی  په‌روه‌رده‌ و رۆشنبیر بووم به‌رده‌وام كتێب و رۆشنبیری گرینگی پێ ئه‌درا، ئه‌مه‌نه‌ش فاكته‌ری سه‌ره‌كی بوو بۆ ئه‌وه‌ی منیش بچمه‌ ناو ئه‌ده‌ب و فۆلكلۆر له‌ هه‌مان كاتیشدا كاری راگه‌یاند بكه‌م.

ktv

* دیاره‌ بنه‌ماڵه‌كانتان له‌ بواری نووسین رۆڵكی كاره‌یان هه‌بووه‌ تاچه‌ند ئه‌مه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رێزتان هه‌بووه‌؟

 له‌به‌ر ه‌وه‌ی باپیرم كه‌سێكی دیاری سه‌رده‌می خۆی بوو به‌شداری شۆرشی شێخ مه‌حمودی كردوه‌ باپیر باوكیشم یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ كه‌ " ته‌له‌گرافی" هێناوه‌ته‌ كوردستان به‌هۆی بوونی كتێبخانه‌و گۆڤار و كتێب له‌ ماڵه‌كان خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌مان ، به‌تایبه‌تی باوكم ئه‌مانه‌ هۆكارو بوون بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بخزێینه‌ ئه‌و بواره‌ ، كاتێ ئێمه‌ منداڵ بووین له‌سه‌ره‌تای حه‌فتاكان له‌شه‌وی زستان باوكم چیرۆكی بۆ ده‌خوێندینه‌وه‌ ، به‌تایبه‌تی چیرۆكی نووسه‌ره‌ روسییه‌كان كه‌ به‌عه‌ره‌یی بوو ئه‌ویش بۆی ده‌كردینه‌ كوردی، بۆیه‌ باوكم رێنیشانده‌ر و هاوكارێكی باشم بوو.

*  یه‌كه‌م كتێب خوێندته‌وه‌ چ كتێبێك بوو وه‌ یه‌كه‌م بابه‌تت كه‌ی له‌ كوێ بڵاوكراییه‌وه‌؟

یه‌كه‌م كتێب كه‌به‌خۆم كرێبێت له‌ساڵی ١٩٧٧بوو كه‌ كتێبێك بوو تایبه‌ت "یاری فۆلكلۆری كوردی". له‌ساڵی ١٩٨٨یه‌كه‌م به‌رھه‌مم له‌گۆڤاری ڕه‌نگین بڵاوكردۆته‌وه‌ ، كه‌ دیدارێك بوو له‌گه‌ڵ پیاوێكی  خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌ ناوی (سه‌ید برایم) ئه‌و ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌ پرفرۆشترین ژماره‌ بوو له‌ ده‌ڤه‌ری رواندز ئه‌وكات (400) دانه‌ی لێفرۆشرا،  پاشان له‌ڕۆژنامه‌ی ھاوكاری و كاروانی وه‌رزشی،له‌نووسین به‌رده‌وام بووم تاراپه‌رین.

*بێگومان له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991 گه‌لی كوردستان به‌هۆی بوونی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌رفه‌ت زیاتر بوو تاچه‌ند سوود به‌خش بوو بۆ ئێوه‌ش؟

-  گومانی له‌وه‌دانیه‌ له‌دوای راپه‌رینی ساڵی 1991 گه‌لی كوردستان  ده‌رفه‌تێكی زۆر باش بوو بۆ ئه‌وه‌ی منیش په‌ره‌ به‌ تواناكانی خۆم بده‌م هه‌ر بۆیه‌  له‌دوای ڕاپه‌رین له‌ گۆڤاری قه‌ڵا ، كورستانی نوێ ، ھه‌رێمی كوردستان ، ئاڵای كوردستان ،رێبازی خوێندكاران ، برایه‌تی ، گۆڤاری كاروان ، ئاسۆی فۆلكلۆری ، گۆڤاری نما.. بابه‌تی جۆراوجۆرم بڵاوكردۆته‌وه‌ .

ktv

*  نووسینه‌كانی تۆ زیاتر له‌ چوار چێوه‌ی كلتور و مێژووی رواندزه‌ هه‌وڵت نه‌داوه‌ له‌سه‌ر  مێژوو كلتوری شاره‌كانی تریش  بنووسیت ؟

-ئه‌وه‌ی زۆر هانی دام كه‌له‌سه‌ر رواندز بنووسم باوكی ره‌حمه‌تیم بوو هه‌رده‌م پێده‌گووتم شت له‌سه‌ر رواندز بنووسه‌، به‌ڵام نووسینم له‌سه‌ر شوێنه‌كانی تری هه‌بووه‌ بۆنموونه‌ له‌سه‌ر مێژووی شارۆچكه‌ی رواندز له‌ گۆڤاری k21 بڵاوكردۆته‌وه‌.

*تائێستا خاوه‌نی چه‌ند كتێبی چاپكراویت ده‌كرێت رۆشنایی له‌سه‌ر كتێبه‌كان بده‌یت ؟

- تائێستا 3 كتێبی چاپكراوم هه‌یه‌ به‌ ناوه‌كانی(فه‌رهه‌نگی مه‌لیخا) دووبه‌رگه‌ (رواندز له‌لاپه‌ره‌كانی مێژوودا) سوپاسی سه‌نته‌ری نما ده‌كه‌م كه‌ هاوكارم بۆ به‌چاپ گه‌یاندنی كتێبه‌كانم.

*ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رێزتان كتێبخانه‌تان له‌ رواندز  هه‌بوو ده‌كرێت باس له‌ مێژووی په‌رتووكخانه‌ له‌ شاری رواندز و ئه‌زموونی خۆت له‌م رووه‌ باس بكه‌یت؟

- له‌چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو  كتێبخانه‌ له‌ رواندز هه‌بوو،من له‌ ساڵی 1978 په‌رتووكخانه‌یه‌كم به‌ ناوی(په‌یوه‌ند) دانا كه‌ جگه‌ له‌ فرۆشتنی گۆڤارو كتێب سه‌نته‌رێكی رۆشنبیری بوو بۆ گه‌نجه‌كانی ئه‌و كات وه‌ به‌ تایبه‌تیش سه‌رده‌می ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان ..تائیستاش ئه‌و په‌رتووكخانه‌ به‌ناوی (شێركۆ) ماوه‌ براكانم به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن.

ktv

پ/ یه‌كێك له‌ كتێبه‌كانت فه‌رهه‌نگی "مه‌لیخا" ده‌كریت باس له‌م كتێبه‌ ؟

فه‌رهه‌نگی "مه‌لیخا"  پرۆژه‌یه‌كه‌ بۆ زیندووكردنه‌وه‌و پاراستنی وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و په‌ند و ئیدیۆمی رواندزییه‌كانه‌ ، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ كارێكی ده‌زگایه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ڵام ئێمه‌ كۆڵمان لێ هه‌ڵگرتووه‌ به‌ هه‌وڵ كۆششی دۆست و خزمان توانیمان  فه‌رهه‌نگی "مه‌لیخا" به‌ئه‌نجام بگات.

*پرۆژه‌ی نوێتان هه‌یه‌ ؟

- ئه‌وه‌ی راستی بێت پرۆژه‌م زۆره‌ بۆ ئیستا سێ كتێبم ئاماده‌یه‌ بۆ چاپ به‌ ناوه‌كانی(سه‌ربووده‌ی ژیانی شاكر مه‌جروم،ژیانی رواندزیان ،چیرۆكی فۆلكلۆری ناوچه‌ی رواندز،فه‌رهه‌نگی "مه‌لیخا" به‌رگی سێیه‌م).

* به‌رێزتان له‌ بواری په‌روه‌دره‌ش وه‌كو مامۆستایه‌ك رۆڵتان هه‌یه‌ تاچه‌ند سوودت له‌ پیشه‌كه‌ت وه‌رگرتووه‌ بۆ نوسینه‌كانت ؟

- ئه‌وه‌ی راستی په‌روه‌رده‌ كۆله‌گه‌یه‌گی گرنگی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڵام من دوور له‌ پسپۆری خۆم وانه‌كه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌(بیركاری) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم كاتێ ده‌رفه‌ت هه‌بێت باس له‌ مێژوو و كلتوری كوردی ده‌كه‌ین، بیرورا ئاڵگۆر ده‌كه‌ین،جگه‌ له‌مه‌ش له‌گۆڤاری "نما" به‌رپرسی كارگێری و دابه‌شكردنم.

كوردستان تیڤی