حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دانەوەی مووچە پاشکەوتکراوەکان دەکات

مووچەی فەرمانبەران بریتییە لەمافێكی دارایی‌و یاسایی نە دەگۆڕێت‌ و نە كۆن دەبێت‌ و نە ئیلغا دەبێتەوە‌

سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌ و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم‌ و بەغدا، پێشبینی دەكات لەمساڵدا دوو مووچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەران خەرج بکرێت.

ئاراس قادر خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌و لێكۆڵیتنەوەی ستراتیژی كوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان تیڤی راگەیاند: دوای بڕیاری لابردنی پاشەكەوتی مووچە بەگشتی چاوەڕواندەكرێت بوژانەوەیەكی باشتر روو لەهەرێمی كوردستان بكات، چونكە ئەو بڕە پارەیەی دەكەوێتە بازاڕ كاریگەری خۆی دەبێت. بەغداش تاوەکو ئێستا پابەندە و مانگانە 317 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت.

لەبارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، ئاماژەی بەوەدا متمانە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست بووە بۆیە پێشبینی دەكەم هەر لە مساڵدا لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێك لەو قەرزانەی مووچەخۆران كەلەلای حكومەتە بدرێتەوە‌و رەنگە مانگێك یان دوو مانگی پاشەكەوت بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە‌و خەرج بكرێت.

سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانیاری گوتیشی “بابەتی بەهەژماركردنی بانكی بڕە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەمێكە ئێمە پێشنیارمان كردووە بۆ حكومەت، چونكە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بریتییە لەمافێكی دارایی‌و یاسایی نە دەگۆڕێت‌ و نە كۆن دەبێت‌ و نە ئیلغا دەبێتەوە‌و مافێكی فەرمانبەرانە لەسەر حكومەتی كوردستان جا ئەم حكومەتە بێت یان حكومەتێكی تر بێت بۆیە هەر دەبێت بدرێتەوە”.

خۆشناو روونیكردەوە “باشترین شت بەلای ئێمەوە ئەوەیە كە هەژمارێكی بانكی بۆ فەرمانبەران بكرێتەوە‌و فەرمانبەر لەرێگەی هەژمارەكەوە قەرزەكانی حكومەتی پێ‌ بداتەوە لەنموونەی پێشینەكان‌و خزمەتگوزارییەكان”.

سەرۆكی سەنتەری زانیاری‌و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان دڵنیایی ئەوەیدا كە هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی خۆڕاگری خەڵكی كوردستان بەگشتی ‌و مووچەخۆران بەتایبەتی بكرێتەوە لەلایەن حكومەتەوە.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌: سیامه‌ند كه‌ریم