چین.. ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كارگه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنانى كیمیاوى 687 كه‌سى كرده‌ قوربانى

كۆمپانیاكه‌ 30 مادده‌ى كیمیاوى به‌رهه‌م دێنێ

به‌پێى هه‌واڵێكى ڕۆیته‌رز، ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى ئاداری 2019، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ كارگه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنانى كیمیاوى له‌ رۆژهه‌ڵاتى چین گیان له‌ده‌ستدانی 47 كه‌سى لێكه‌وتۆته‌وه‌ و و زیاتر له‌ 600 كه‌سى دیكه‌شى بریندار كردووه‌.

ته‌له‌فزیونى فه‌رمى وڵاتى چین رایگه‌یاند: ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ شارى یانتشینغى سه‌ر به‌ هه‌رێمى جیانغسو رویداوه‌ و كاتژمیر 3ى به‌یانى ئه‌مڕۆ به‌ كاتى وڵاتى چین كونتڕوڵى ئاگره‌كه‌ كراوه‌، به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ و ئاگرگرتنى كارگه‌كه‌ 640 كه‌س ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ن چاره‌سه‌رى پزیشكیان بۆ ده‌كرێت و 32 كه‌سیشیان به‌ سه‌ختى بریندارن .

جێى ئاماژه‌پێدانه‌ كۆمپانیاكه‌ 30 مادده‌ى كیمیاوى به‌رهه‌م دێنێ و هه‌ندێكیان گڕگرتنیان ئاسانه‌ تا ئێستا هۆى ته‌قینه‌وه‌كه‌ نه‌زانراوه‌ پشكنین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌رده‌وامه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.

ئاماده‌كردن وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز