هه‌سه‌ده‌ كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی داعشی له‌‌ باغۆز راگه‌یاند

ئیتر داعش به‌ فه‌رمی هیچ پێگه‌یه‌كی له‌ ژێر كۆنترۆڵدا نه‌ماوه‌

هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ئاشكرایان كرد كه‌ شارۆچكه‌ی باغۆزیان له‌ رۆژهه‌ڵاتی سووریا به‌ ته‌واوی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش كۆنترۆڵ كردووته‌وه‌. 

له‌ زنجیره‌ ته‌یتێكدا مه‌سته‌فا باڵی گوته‌بێژی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات هه‌سه‌ده‌، كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی شارۆچكه‌ی باغۆزی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێكخراوی تیرۆرستی داعش راگه‌یاند. 

به‌م هه‌نگاوه‌ش ئیتر داعش به‌ فه‌رمی هیچ پێگه‌یه‌كی نه‌ له‌ سوریا و نه‌ له‌ عێراق، له‌ ژێر كۆنترۆڵدا نه‌ماوه‌ كه‌ تێیدا ده‌سه‌ڵاتی خۆی بگێڕێت. 

باڵی هه‌روه‌ها گوتی: له‌ میانی كۆنتڕۆڵكردنه‌وی شارۆچكه‌ی باغۆزدا، به‌ سه‌دان چه‌كداری تیرۆرستی داعشیان به‌ نه‌خۆش و برینداره‌وه‌‌ ده‌ستگیر كردووه‌. 

هه‌ر چه‌ند ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنی كۆتایی نییه‌ به‌ڵام داعش وه‌ك ده‌سه‌ڵات، هیچ پێگه‌یه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌.