په‌رله‌مانتارێكی عێراق داتاو ئاماری نوێ له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌ی موسڵ بڵاوده‌كاته‌وه‌

به‌ پشت به‌ستن به‌ سه‌یركردنه‌وه‌ی كامێراكانی ئه‌م ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌

په‌رله‌مانتاری عێراقی ئه‌حمه‌د جبووری، ژماره‌ی قوربانیانی رووداوی نغرۆبوونی به‌له‌مه‌كه‌ی ناوچه‌ی گه‌شتیاری رووباری دیجله‌ی ئاشكرا كرد. 

ئه‌حمه‌د جبووری ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند: 287 كه‌س له‌ ناو به‌له‌مه‌كه‌دا بوون كه‌ له‌ ناویاندا 103 كه‌سیان ئافره‌ت و 86 كه‌سیان پیاو و 98 كه‌سی دیكه‌یان منداڵ بوون، گوتیشی: به‌ پشت به‌ستن به‌ سه‌یركردنه‌وه‌ی كامێراكانی ئه‌م ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌مان بۆ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سواری به‌له‌مه‌كه‌ بوون. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق دووپاتیشی كرده‌وه‌ تا ئێستا ته‌رمی 89 كه‌س له‌ ئاو ده‌رهێنراون و 80 كه‌سی دیكه‌ش رزگار كراون، به‌ڵام چاره‌نووسی 118 كه‌سی دیكه‌یان نادریاره‌ و تا ئێستاش بێسه‌روشوێنن.