نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان  15 هەزار خانوو له‌ رۆژئاواى موسڵ نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه‌

پڕۆژه‌كه‌ تا مانگى تشرینى دوەمی ئەمساڵ تەواو ده‌كرێت

بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق (یۆنامی) کە وێنەیەکی ده‌ست مالپه‌رى "كوردستان تیڤی" كه‌وتووه‌، تێیدا هاتووه‌، كه‌ نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان  15 هەزار خانوو له‌ رۆژئاواى موسڵ نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه‌، كه‌ 29 گه‌ڕه‌ك له‌ رۆژئاواى موسڵ  له‌ خۆده‌گرێت ، كه‌ پێشتر له شه‌ڕى ئازادكردنى شاره‌كه‌ لەده‌ستی چه‌كدارانى داعش زیانى زۆریان پێگه‌یشتبوو.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەکەى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی زیاتر لە 90 هەزار کەس بۆ شارەکەیان، بەتایبەت ناوچەی موسڵی کۆن.

محەمەد سدیق مەداوى، سه‌رۆكى به‌رنامه‌ى سه‌قامگیرى له‌ به‌رنامه‌ى نه‌ته‌وەیه‌كگرتوه‌كان بۆ په‌رپێدان رایگەیاند" ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ كارێكى گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى خوازیارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانیان له‌ موسڵ.

ئاماژەی بەوەشکرد" ئەو خانوانەی کە پێویستی هەنوکەییان بە نۆژەنکردنەوەیە، بەتایبەت ئه‌و خانه‌وادانه‌ى كه‌وا ئافره‌ت تیایدا سه‌رۆك خێزانه‌، یان گەنجێک به‌ڕێوبه‌ر‌ى ده‌بات، یان كه‌مئه‌ندامن، زووتر نۆژەن دەکرێنەوە.

وتیشی :"كاره‌كانى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى یه‌كه‌م له‌ خانوه‌كان له‌ كۆتایی مانگى ئازاردا ته‌واو ده‌بێت و بڕیارە کۆی پڕۆژه‌كه‌ تا مانگى تشرینى دوەمی ئەمساڵ سەرجەمیان تەواو بکرێن".