كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا: كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌

عێراق به‌ چڕی له‌ هه‌وڵدایه‌ هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ وڵات ده‌ربكات

ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمانی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌ده‌نه‌ دۆناڵد تڕه‌مپ كه‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ .

ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمانی ئه‌مه‌ریكی نامه‌یه‌كی هۆشداری كه‌ ئاڕاسته‌ی تره‌مپیان كردووه‌، داوا ده‌كه‌ن، واشنتۆن به‌رده‌وام بێ له‌ مه‌شق پێكردنی هێزه‌كانی عێراق و پێشكه‌شكردنی هاوكاری دارایی به‌ وڵاته‌كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ عێراق به‌ چڕی له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ وڵات ده‌ربكات .

هه‌روه‌ها له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ ڕۆژنامه‌ی "واشنتۆن تامیز" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، ئه‌م گرووپه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌، هه‌واڵگری، خزمه‌تگوزاری چه‌ك پێكهاتوون، داوا له‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌نجام نه‌دات و له‌ عێراق نه‌كشێته‌وه‌، به‌ڵكوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام بێ له‌ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق له‌ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، كه‌ ڕێگری له‌ گه‌شه‌ی دیموكراسی و خۆشگوزه‌رانی و بووژانه‌وه‌ی ژیانی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن.