مەترسییەكانی پاك نەكردنەوەی زمان چین

زمان وەك موگناتیسی راكێشانی بەكتریا وایە كەلەسەر رووی زمان كۆدەبێتەوە و بەهەموو دەمدا بڵاودەبێتەوە

 پاكردنەوەی ددان لەدوای هەموو ژەمە خۆراكێك و پێش خەوتن بەس نیە بۆ پاراستنی تەندروستی دەم و ددان ئەگەر چەند خولەكێك تەرخان نەكرێت بۆ پاككردنەوەی زمان، چونكە پاك نەكردنەوەی زمان مەترسی و زیانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە،  زمان وەك موگناتیسی راكێشانی بەكتریا وایە كەلەسەر رووی زمان كۆدەبێتەوە و بەهەموو دەمدا بڵاودەبێتەوە ئه‌ویش دەبێتە هۆی كۆمەڵێك كێشە و نەخۆشی كەزیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە .

بۆنی ناخۆشی ناو دەم: ئەم كێشەیە بەیەكەم نیشانەی پاك نەكردنەوەی زمان دادەنرێت ، لەكاتێكدا بەكتریا لەبەشی دواوەی زمان كۆدەبێتەوە و گەشە دەكات و دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆنێكی ناخۆشی بێزاركەر.

هه‌روه‌ها لاوازی هەستی چێژكردن: كۆبونەوەی بەكتریا و پاشماوەی خۆراك و خانە مردووەكان لەسەر رووی زمان دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەستی چێژكردن.

گۆڕانی رەنگی زمان بۆ رەش: كۆبونەوەی پاشماوەی خۆراك و خواردنەوەكان لەسەر زمان و پاك نەكردنەوەی وادەكات رەنگی زمان وەك رەش دەربكەوێت.

كەڕووی ناودەم: كۆبونەوەی لەڕادەبەدەری بەكتریا لەناو دەم بەهۆی پاك نەكردنەوەی زمان دەبێتە هۆی شێواندنی رووی زمان و دروستبوونی پەڵەی سپی كە بەوەرگرتنی چارەسەری دژە كەڕوو و بەردەوامی پاكردنەوەی زمان چاك دەبێت.

هەوكردنی پووك: بەكتریا لە زمانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ددان و دەبێتە هۆی نەخۆشكەوتنی رەگی ددان كە بریتیە لە هەوكردنێكی درێژخایەن و زیانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە.

ئا: كارزان عەبدوڵا ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی