پۆمپیۆ: ئه‌مریكا خوازیاری درێژه‌پێدانی دانووستانه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور

پۆمپیۆ وتی لێدوانه‌كانی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكووری بیستووه‌ و ئه‌م لێدوانانه‌ش دره‌گا به‌ره‌وڕووی دانووستانه‌كان به‌كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه‌

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا وتی وڵاته‌كه‌ی حه‌زده‌كات دانووستان له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور به‌رده‌وامبێت و چاوه‌ڕێ ده‌كات رێبه‌ری ئه‌م وڵاته‌ پابه‌ند بێت به‌ به‌ڵێنی هه‌ڵپه‌ساردنی تاقیكارییه‌ موشه‌كیی و ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكوور وتوویه‌تیی ئه‌گه‌ر واشنتن هیچ ئیمتیازێكی سیاسیی نه‌دات به‌ پیۆنگ یانگ، ئه‌وا كۆریای باكوور ده‌ستده‌كاته‌وه‌ به‌ تاقییه‌كاریی ئه‌تۆمیی و موشه‌كییه‌كانی خۆی.

مایك پۆمپیۆ هه‌روه‌ها رۆژی هه‌ینیی وتی: به‌ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێمه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزی سیاسیدا ئه‌نجامدراوه‌، پێشبینی ده‌كه‌م ئێمه‌ له‌تواناماندایه‌ درێژه‌ به‌ گفتوگۆكانی نێوانمان بده‌ین.

پۆمپیۆ باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ لێدوانه‌كانی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكووری بیستووه‌ و ئه‌م لێدوانانه‌ش دره‌گا به‌ره‌وڕووی دانووستانه‌كان به‌كراوه‌یی ده‌هێڵێته‌وه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ردا