كۆریای باكوور به‌نیازه‌ واز له‌ دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بێنێت و تاقیكاریی موشه‌كیی ده‌ستپێبكاته‌وه‌

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ وتی: حكومه‌تی وڵاته‌كه‌م نیازی نییه‌ هه‌موو داواكارییه‌كانی واشنتن به‌جێ بگه‌یه‌نێت

به‌وته‌ی به‌رپرسانی كۆریای باكوور، رێبه‌ری ئه‌م وڵاته‌ به‌مزووانه‌ بڕیاری خۆی سه‌باره‌ت به‌ شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌و سیاسه‌توانانه‌ هۆشدارییانداوه‌ كه‌ كۆریای باكوور به‌نیازه‌ دانووستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ داماڵینی چه‌كی ئه‌تۆمیی له‌ پیۆنگ یانگ راگرێت و ده‌ستبكاته‌وه‌ به‌ تاقیكارییه‌ موشه‌كیی و ئه‌تۆمییه‌كانی خۆی.

جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ له‌ كۆنفڕانسێكی هه‌واڵیدا له‌ پیۆنگ یانگ وتی: حكومه‌تی وڵاته‌كه‌م نیازی نییه‌ هه‌موو داواكارییه‌كانی واشنتن به‌جێ بگه‌یه‌نێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ده‌ست بكه‌ینه‌وه‌ به‌ تاقیكارییه‌ موشه‌كییه‌كانمان.

خاتوو " چۆی سۆن هویی " وێڕای ئاماژه‌ به‌ دووه‌م دانووستانی نێوان رێبه‌رانی كۆریای باكوور و ئه‌مریكا له‌ ڤیێتنام، وتی: واشنتن ده‌رفه‌تی زێڕینی بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور له‌ده‌ستداوه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ڕه‌نسا