ئه‌مریكا: ناتوانین هیچ واده‌یه‌كی زه‌مه‌نیی بۆ ده‌رچوون له‌ سووریا دیاریی بكه‌ین

جێفری: داعش له‌ 15 تا 20 هه‌زار چه‌كدار كه‌متر له‌ هه‌زار چه‌كداری ماوه‌ته‌وه‌

جێمز جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا رۆژی هه‌ینی رایگه‌یاند ناتوانرێ هیچ كات و واده‌یه‌كی زه‌مه‌نیی بۆ دره‌چوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا دیاریی بكرێت.

جێفری وتیشی: داعش هیچی وای لێنه‌ماوه‌ و ئه‌و رێكخراوه‌ی سه‌رده‌مێك پانتاییه‌كی به‌رفراوانی له‌ خاكی عێڕاق و سووریا له‌به‌رده‌ست بوو، له‌ ئێستادا كه‌متر له‌ كیلۆمه‌ترێكی چوارگۆشه‌ی له‌ خاكی سووریا كردووه‌ به‌ سه‌نگه‌ر و له‌ 15 هه‌زار تا 20 هه‌زار چه‌كدار كه‌متر له‌ هه‌زار چه‌كداری ماوه‌ته‌وه‌.

نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا وتیشی: ئێمه‌ به‌نیازین به‌درێژایی رووباری فوڕات پێشڕه‌ویی بكه‌ین و سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ له‌ده‌ستی داعش ده‌ربێنین كه‌ هێشتا له‌ژێر ده‌ستیان ماوه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ له‌ناوبردنی یه‌كجاریی داعش و هزری توندڕه‌وانه‌ی ئه‌وان به‌رده‌وامیی ده‌بێت و له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ ئه‌مریكا ناتوانێ هیچ واده‌یه‌كی زه‌مه‌نیی بۆ ده‌رچوونی هێزه‌كانی له‌ سووریا دیاریی بكات.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ عه‌ره‌بییه‌