په‌رله‌مانی كوردستان: ده‌بێت حكومه‌تی عێراق ئه‌ركی یاسایی خۆی له‌به‌رامبه‌ر قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ بكات

داواده‌كه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه‌

له‌ساڵیادی كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌، له‌ساڵڕۆژی 31 ساڵه‌ی تاوانی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م قوربانیانی تاوانه‌كه‌ داده‌نوێنین، داواده‌كه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵه‌كانی چڕ بكاته‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانه‌كانی له‌مشێوه‌یه‌ له‌جیهاندا، داواده‌كه‌ین حكومه‌تی عێراقی فیدڕال ئه‌ركی یاسایی خۆی له‌به‌رامبه‌ر قوربانیانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ بكات، كه‌بریتییه‌ له‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تێكڕای ئه‌و زه‌ره‌ره‌و زیانه‌ مادی و مه‌عنه‌وی و ژینگه‌ییه‌ی كه‌ به‌ر پارێزگاكه‌ و دانیشتوانه‌كه‌ی كه‌وتوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بودجه‌ی پارێزگاكه‌ دابین بكرێت و هه‌موو فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانی پارێزگاكه‌ بكه‌ونه‌ كار به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی زیاتر به‌ دانیشتوانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌.