ده‌سته‌ی گه‌شتووگوزاری هه‌رێمی كوردستان: ئامانجمانه‌ له‌نه‌ورۆز ژماره‌ی گه‌شتياران بگه‌یه‌نینه‌ دوو ملیۆن گه‌شتیار

ته‌واوی هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانته‌كان له‌پێشوازی گه‌شتایاران ده‌بن

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتووگوزار له‌میانی ئه‌و كۆنفرانسه‌ی ساڵی ڕابردوو ئه‌نجامیدا كه‌ پلانی ستراتیجی تاوه‌كو ساڵی 2025 ڕاگه‌یاند: بۆ بره‌ودان و بوژانه‌وه‌ی زیاتری كه‌رتی گه‌شتووگوزاری هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌موو وه‌رزه‌كانی ساڵ، ساڵانه ‌له‌ جه‌ژن و بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كاندا گرینگی زیاتر به‌ڕاكێشانی گه‌شتیاران ده‌دات.

ئه‌مساڵ هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو ئاماده‌كاری ته‌واویان كردووه‌ بۆ هاتنی گه‌شتیارانی بیانی و خوار و ناوه‌ڕاستی عێڕاق و ئێران و ڕۆژهه‌ڵااتی كوردستان. نادر ڕۆستی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتووگوزاری هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: ساڵی ڕابردوو ته‌نیا له‌جه‌ژنی نه‌ورۆز 243 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه ‌ته‌هه‌رێمی كووردستان، ئه‌مساڵ ئاماده‌كارییه‌كان زیاترن له‌ڕووی ناساندنی ناوچه‌ی گه‌شتیاری زیاتر و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ناوچه‌گه‌شتیارییه‌كان بۆیه‌پێشبینی ده‌كه‌ین ژماره‌ی گه‌شتیاران زۆر زیاتر بێت. 

گوته‌بێژی دەستەی گەشتوگوزار هه‌رێمی كوردستان دەڵێت بەهۆی ئاسانكاریی بازگەكان بۆ هاتنی گەشتیار و پلان و هەماهەنگییان لەگەڵ گرووپ و كۆمپانیا گەشتیارییەكان، لە ماوەی چه‌ند ڕۆژێك پێش نه‌ورۆز و ڕۆژانی نه‌ورۆزی ساڵی ڕابردوو 243 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌هه‌رێمی كووردستان، داهاتی گەشتیاریش لەو هه‌فته‌یه‌دا 72 ملیۆن و 900 هه‌زار داهاتی گه‌شتیاری بووە.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ نادر ڕۆستی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری ڕایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان چه‌ندین دیدارمان ئه‌نجامداوه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نی پۆلیس و ئاسایش بۆ ئاماده‌كاری و پێشوازی له‌ گه‌شتیاران، لێژنه‌ی تایبه‌ت بۆ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان ئاماده‌ كراوه‌ كه‌ سه‌ردانی ناو‌چه‌گه‌شتیارییه‌كان ده‌كه‌ن و له‌ پێشوازی و داخوازی گه‌شتیاران ده‌بن. بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ڕێكلامی سۆشیال میدیا و ڕێكلام به‌گشتی ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ بۆ زیادكردنی ڕێژه‌ی گه‌شتیاران و ناساندنی جه‌ژنی نه‌ورۆز به‌ هه‌موو جیهان وه‌كو خۆی بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

جیاوازتر له‌ نه‌ورۆزی ساڵانی ڕابردوو ‌ئه‌مساڵ پلانی 5 ساڵه‌مان ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌پێی ئه‌و پلانه‌ ده‌مانه‌وێت ژماره‌ی گه‌شتیاران له‌ نه‌ورۆزدا بگاته‌ ‌دوو ملیۆن گه‌شتیار. ئامانجمانه‌ له‌نه‌ورۆزدا له‌هه‌موو جیهان گه‌شتیار رابكێشین تایبه‌ت بۆ بینین و ناسینی كلتوری كوردی و بۆنه‌ی كوردی.

بەپێی ئاماری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2018 بەرزترین ژمارەی هاتنی گەشتیاران تۆماركراوه‌ كه‌ 3 ملیۆن و 57 هه‌زار گه‌شتیار بووه‌. به‌پێی خه‌مڵاندنی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار هه‌ر گه‌شتیارێك 300 دۆلار ته‌رخانكراوه‌ كه‌ داهاته‌كه‌ی ده‌كاته‌ 917 ملیۆن و 100 هه‌زار دینار. ئامانجی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ تێكڕای ساڵ ئه‌وه‌یه‌ ژماره‌ی گه‌شتیاران بگه‌یه‌نێته‌ 3 ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار. سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان گوته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاند: له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له ‌670 ناوچه‌ی گه‌شتیاری هه‌ن كه‌ ئاماده‌ی ته‌واویان بۆ كراوه‌ بۆ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران له‌و ناوچانه‌دا.

جێگری سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی میوانخانه‌ و چێشتخانه‌كانی هه‌ولێر : ته‌واوی میوانخانه‌كان پڕن له‌ گه‌شتیار لە هەرێمی كوردستان 430 هۆتێل و 271 مۆتێل و 91 گوندی گەشتیاری هەن كە توانای پێشوازییان لە 61 هەزار گەشتیار هەیە، 768 رێستۆرانت و كافتریای گەشتیاری و 247 هۆتێل و مۆتێل و 1015 رێستۆرانت و كافتریای میللیش هەن.

پارێزگای هەولێر 285 هۆتێل و 125 مۆتێل و 45 گوندی گەشتیاری و 324 رێستۆرانت و كافتریای هەیە. لە ساڵانی پێشتردا پشكی شێری هاتنی گەشتیاری بەركەوتووە. كه‌ توانای پێشوازی 41 هه‌زار گه‌شتیاری هه‌یه‌.

شوكر عه‌زیز جێگری سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: ئه‌مساڵ هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو ئاماده‌كارییه‌كی ته‌واو كراوه ‌بۆ پێشوازی له‌هاتنی گه‌شتیاران و ته‌واوی هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانته‌كان له‌پێشوازی گه‌شتایاران ده‌بن. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا هه‌ماهه‌نگی ته‌واو هه‌یه ‌له ‌نێوان گروپه ‌گه‌شتیارییه‌كان و خاوه‌ن هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانته‌كان به‌مه‌ستی هاوكاری گه‌شتیاران له‌نرخی مانه‌وه‌ی گه‌شتیاران.

راپۆرت/ سیامه‌ند كه‌ریم