وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ توندی ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ى  نیوزله‌ندا كرد

49 هاووڵاتی موسڵمان گیانیان له‌ده‌ستداو 48ی دیكه‌ بریندار بوون

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و په‌لاماره‌ی كرد، كه‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ كرایه‌ سه‌ر دوو مزگه‌وتی نیوزله‌ندا و له‌ ئاكامدا 49 هاووڵاتی موسڵمان گیانیان له‌ده‌ستدا و 48ی دیكه‌ بریندار بوون.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌حمه‌د سه‌حاف رایگه‌یاند، به‌غدا به‌ گرنگییه‌وه‌ چاودێری ورده‌كاری په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌ ئازارده‌ره‌كه‌ی نیوزله‌ندا ده‌كات، كه‌ كرایه‌ سه‌ر نوێژخوێنانی دوو مزگه‌وتی كرایست چرچ و ئه‌و په‌لاماره‌ به‌ توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ ده‌كات.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌،  ئه‌و په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌ سه‌لماندی كه‌ جیهان له‌ تیرۆر پارێزراو نییه‌ و ته‌نیا رێگه‌ی به‌رده‌م جیهان ئه‌وه‌یه‌، هه‌وڵه‌كانی یه‌كبخات بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر تیرۆردا.

جگه‌ له‌ عێراق ده‌یان وڵات و كه‌سایه‌تی په‌لاماره‌كه‌یان به‌ تیرۆریستی وه‌سفكردووه‌ و ئیدانه‌یان كردووه‌. له‌وانه‌، ئێران، توركیا، ئیمارات، به‌ریتانیا.