مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەکات

پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ کرا

جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمرۆ چوارشەممە 13/3/2019 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سداد ئونال جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و هەوڵ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسە هاوبەشەکان تاوتوێ کرا.

مەسرور بارزانی، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە گشت بوارەکان دووپات کردەوە، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت و خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری و دراوسێیەتی باش بکات.

لەلای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاواتی سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویستی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک دراوسێ و دەروازە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.

گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و رەوشی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان و رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.