فازڵ میرانی: کۆبوونەوەی دوێنێمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی راشکاوانەتر بوو ئەوەی لەبن زمانمان بوو لە زمانی یەکترمان دەرهێنا

كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بن

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بەشداریکردن لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی سەعید یەحیا خەیات، نووسەر و رۆژنامەنووس لە هەولێر به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌رده‌وام ده‌بن و كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێمان راشكاوانه‌تر بوو ئەوەی لەبن زمانمان بوو لە زمانی یەکترمان دەرهێنا و خواستەکانمان لە برادەرانی یەکێتی وەرگرت و ئەوەی پێمان بکرێت لەسەری رێکدەکەوین و بۆیان جێبەجێ دەکەین.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی کردەوە لەوەی "یەکێتی نیشتمانی هاوبەشێکی گرنگی ئێمەیە، هاوبەشی مێژوو و جوگرافیایە، ئێمە نکوڵی لەوە ناکەین.

فازڵ میرانی راشیگه‌یاند: ئەوەی مرۆڤ بییەوێت خواستێکە و بەدیهێنانی خواستەکە شتێکی دیکەیە لە ساڵی 2003 کە یاسای دەوڵەتی عێراق دامەزرا و ئەنجوومەنی حوکم دامەزرا، لە سەرۆک بارزانییان پرسی: ئێوە چیتان لەو یاسایە دەستکەوت؟ سه‌رۆك بارزانی گووتی: ئێمەی پێکهاتەی سیاسی و نەتەوەیی کە لە عێراقین، هیچ کاممان ئەوەی ویستمان هەموومان دەستنەکەوت، بەڵام هەریەکێکمان شتێکمان بەدەستکەوت. 

بەڕای من پرۆسەی سیاسی لە کوردستانی عێراقیش وایە، نە ئێمە هەرچیمان بوێت دەستمان دەکەوێت، نە برادەرانی یەکێتی و گۆڕانیش، بەڵام هەموومان شتیکمان دەستدەکەوێت.

گوتیشی کاتی ئەوە هاتووە، بەرژەوەندییە شەخسییەکانمان نەخەینە سەر بەرژەوەندییە حیزبییەکانمان، کاتی ئەوەش هاتووە ئێمەی حیزبەکان بەرژەوەندی حیزبی نەخەینە سەر بەرژەوەندیی میلەت و وڵاتی خۆمان، ئەگەر ئەوەمان کرد، میللەتی ئێمە لە ئاشتی و ئاسوودەییدا دەژی.