عادل عه‌بدولمه‌ھدی : به‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا پابه‌ند نابین

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ھه‌فتانه‌ی خۆیدا

دوای ئه‌وه‌ی میلیشیای بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا خرایه‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی پابه‌ند نییه‌ به‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا.

ھه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، میلیشیای "بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با" و فه‌رمانده‌كه‌ی، ئه‌كره‌م كه‌عبی خسته‌ ناو لیستی تیرۆره‌وه‌.

عادل عه‌بدولمه‌ھدی له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ھه‌فتانه‌ی خۆیدا گوتی: "به‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریكا پابه‌ند نابین كه‌ بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌بای خستووه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، رێز له‌ سه‌رجه‌م گرووپه‌كانی سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌گرێن كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی دژبه‌ داعش قوربانیان دواه‌".

سه‌باره‌ت به‌ بوونی ھێزه‌كانی ئه‌مریكاش له‌ عێراق، عادل عه‌بدولمه‌ھدی گوتی: "كاری له‌پێشنه‌ی عێراقمان به‌ لایه‌نی ئه‌مریكی راگه‌یاندووه‌ له‌باره‌ی بوونی سه‌ربازانی بیانی له‌ وڵاته‌كه‌مان، ھه‌روه‌ھا به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك عێراق نابێت به‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ شه‌ڕ و ململانێیه‌كانی ھه‌رێمیی".

له‌باره‌ی شه‌ڕی دژبه‌ داعشیش، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق گوتی: "عێراق به‌ته‌نھا ناتوانێت ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كان بنیات بنێته‌وه‌ كه‌ داعش وێرانیكردوون، بۆیه‌ پێویسته‌ وڵاتانی جیھان له‌وباره‌یه‌وه‌ پشتیوانیمان بكه‌ن".

له‌ كۆتاییدا، عادل عه‌بدولمه‌ھدی گوتی: "عێراق ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كی گه‌وره‌ باشی له‌ وه‌ردنانی پێشكه‌ش به‌ جیھان كرد، پێویسته‌ له‌سه‌ر جیھانیش وه‌ڵامی ئه‌و كاره‌ باشه‌ی ئێمه‌ بداته‌وه‌