ئه‌مریكییه‌كان هێزێكی 100 هه‌زار چه‌كداریی بۆ سوننه‌كان دروست ده‌كه‌ن

ئاماده‌یی بۆ پڕچه‌ككردن و دابینكردنی پێداویستییه‌كان نیشاندراوه‌

گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ عێراق باڵانس دروست بێته‌وه‌ و سوننه‌كان له‌و لاوازییه‌ی ئێستا نه‌مێننه‌وه‌.

 شێخ مزاحم حوێت، گوته‌بێژ به‌ناوی هۆزه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا،رایگه‌یاند:  ئێمه‌ پێش ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ھێزه‌كانی ئه‌مریكا و به‌رپرسانی سه‌ربازیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق ئه‌نجامداوه‌ به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی ھێزی چه‌كداریی تایبه‌ت به‌ سوننه‌كان و تایبه‌تتر بۆ ھۆزه‌ سوننه‌كان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق، ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ربڕیوه‌ و ئاماده‌یی خۆشیان بۆ پڕچه‌ككردن و دابینكردنی پێداویستییه‌كان نیشانداوه‌.

حوێت سه‌باره‌ت به‌و شوێنانه‌ی داوایانكردووه‌ كه‌ ھێزه‌كانی لێ دروست بكرێت رایگه‌یاند "ئێمه‌ داوای دروستكردنی ھێزی ھۆزه‌كان یان سه‌حوه‌كانمان له‌ سه‌رجه‌م پارێزگا زۆرینه‌ سوننه‌نشینمان كردووه‌، ئه‌وانیش بریتیین له‌ نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌ددین، ئه‌نبار، به‌شێك له‌ دیاله‌ش، به‌ڵام كه‌ركووك ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ نامانه‌وێت ھێزی ھۆزه‌كان له‌و ناوچانه‌ ھه‌بن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری زۆره‌ ھێزی تایبه‌تی بۆ دروست بكرێت كه‌ له‌ نێوان ھێزه‌كانی عێراق و ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بن.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: ھه‌ر پارێزگایه‌ك له‌ نێوان ١٠ بۆ ١٥ ھه‌زار چه‌كداری ھۆزه‌كان ده‌بێت له‌و پارێزگایانه‌ی باسمانكرد، به‌و پێیه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین ھێزه‌كه‌ نزیكه‌ی ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھه‌زار چه‌كدارمان ھه‌بێت، بۆیه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست بكرێت به‌پڕچه‌ككردنی ئه‌و ھێزانه‌مان.