مووچەی یەكەی پاسەوانی بەبێ پاشەكەوت دابەش دەكرێت

سه‌باره‌ت به‌ پاشەکەوتی روونکردنەوە دەدرێت

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: مووچەی هیچ توێژێك نامێنێت لە وەزارەتی ناوخۆ پاشەكەوتی لەسەر بمێنێت، شایه‌نی باسه‌ له‌ رۆژانی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگه‌یاند لەم مانگەوە پاشەکەوتی مووچە نامێنێت.

سامی جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند تائێستا دیارنییه‌ چ رۆژێك مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ دابه‌شده‌كرێت كه‌ یه‌كه‌ی پاسه‌وانیش سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌، بەڵام هەر کات موچە دابەشکرا یەکەی پاسەوانیش‌ مووچه‌كانیان بەبێ پاشەکەوت وه‌رده‌گرن.

مووچەی یەكەی پاسەوانی 65%ی لێ پاشەكەوتكراوە، سامی جه‌لال ئەو كەسانە دڵنیا دەكاتەوە پاشەكەوتی سەر مووچەی ئەوانیش هەڵگدەگیرێـت و كێشەی نامێنێت، چونكە ئەوانیش فەرمانبەری حكوومەتن.

یه‌كه‌ی پاسه‌وانی پێكدێت له‌ پاسه‌وانانی باره‌گا حكومییه‌كان كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 60 هه‌زار كەسە.

شایه‌نی باسه‌ پاشنیوه‌ڕۆی رۆژی هه‌ینی 8/3/2019 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، كۆبووه‌وه‌.

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەریمی کوردستان، لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانیدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند لەم مانگەوە پاشەکەوتی مووچە نامێنێت.