ئەمەریكا هێزی زیاتر دەگەیەنێتە عێراق

ئەو هێزانە دەیانەوێت ڕووبەڕووی میلیشیاكانی حزبوڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق ببنەوە

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری دیبكای ئیسرائیلی ، ئەمەریكا هێزی زیاتر ڕەوانەی عێراق دەكات، ئامانجی سەرەكی چوونی ئەو هێزانەش بۆ عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئێرانە لە سەرسنووری نێوان عێراق و سووریا.

بەپێی سەرچاوەكە،  هێزەكان لە ئوردن و ئیسرائیلەوە بەرەو عێراق جولە دەكەن، هاوكات ژمارەیەكی زۆری هێزی ئەمەریكاش لە كەنداوی عەرەبی و باشووری ئەوروپا بوونی هەیە بە تایبەت لە بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە رۆمانیا و بولگاریا، ئەوان بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو ئامادەن تا بگەنە عێراق، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی میلیشیاكانی سەر بە ئێران ببنەوە.

ڕەوانەكردنی زیاتری هێزەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق لە 6ی ئەو مانگە دەستی پێكردووە، ئەو سەربازانەی ئێستە لە ناوچە سنوورییەكانی عێراق و سووریان بە تەواوی بۆ شەڕ ئامادەن  و ئامانجی سەرەكی ئەو هێزانەش ڕووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكانی حزبوڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەقە، كە بەشێكیان چوونەتە ناو سوریا بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای ئێران.

 

 

سوهێل تاهیر : كوردستان تیڤی