راوێژكارێكی ترامپ: ئه‌مریكا پلانێكی تۆكمه‌ی داڕشتووه‌ بۆ سه‌قامگیریی ئاشتیی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا

جێیسۆن گرینبله‌ت: ئه‌مریكا له‌و پلانه‌ به‌فراوانه‌دا رۆڵیكی بۆ رووسیا و هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش دیاریكردووه‌

یه‌كێك له‌ راوێژكارانی دۆناڵد ترامپی سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا له‌ دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا وتی ئه‌مریكا پلانێكی زۆر ورد و تۆكمه‌ی بۆ به‌رقه‌راكردنی ئاشتیی و سه‌قامگیریی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داڕشتووه‌.

جێیسۆن گرینبله‌ت له‌ وته‌كانیدا هه‌رچه‌نده‌ ورده‌كاریی پلانه‌كه‌ی نه‌خسته‌ڕوو، به‌ڵام وتی: هه‌ركاتێك هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئیسڕائیل له‌ 9ـی نیسانی ئه‌مساڵ كۆتایی پێهات و كابینه‌ی نوێی ئه‌م وڵاته‌ پێكهێنرا ئه‌وكاته‌ش ئه‌مریكا پلانه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات و ئێمه‌ ئه‌وسا پلانه‌كه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م ئیسڕائیلیی و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان تا مشتومڕی له‌سه‌ر بكه‌ن و ئیتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خۆیان كه‌ چییان ده‌وێت و چۆن بڕیارێك ده‌ده‌ن.

به‌ وته‌ی ئه‌م دیپلۆماته‌، ئه‌مریكا له‌و پلانه‌ به‌فراوانه‌دا رۆڵیكی بۆ رووسیا و هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌وڕوپا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش دیاریكردووه‌ تا هه‌ركامیان به‌گوێره‌ی قه‌باره‌ی خۆی له‌م پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌دا رۆڵ بگێڕێت..

 مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ڕه‌نسا