په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر بوونی موسڵمانێك به‌ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا مشتومڕ ده‌كات

راڵف برینكهاوس سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی یه‌كێتیی حزبه‌ یه‌كگرتووه‌ كریستیانه‌كانی ئه‌ڵمانیا وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌و پرسیاره‌ داوه‌ته‌وه‌

دوای لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی كریستیانی په‌ڕله‌مانی ئه‌ڵمانیا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ هیچ به‌ربه‌رستێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی موسڵمانێك ببێته‌ راوێژكار، مشتومڕ له‌ نێوان فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌ڕله‌مانی ئه‌م وڵاته‌دا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌.

ده‌ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر راڵف برینكهاوس سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی یه‌كێتیی حزبه‌ یه‌كگرتووه‌ كریستیانه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا ده‌كرێ وێنا بكه‌ین له‌ ساڵ 2030ـدا موسڵمانێك وه‌ك نوێنه‌ری حزبه‌ كریستیانه‌كان ببێت به‌ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا؟ ناوبراو وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌و پرسیاره‌ داوه‌ته‌وه‌.

به‌ڕای برینكهاوس ئه‌گه‌ر موسڵمانێك سیاسه‌توانێكی باش بێت و پابه‌ند بێت به‌ به‌ها روحییه‌كانی حزبه‌ كریستیانه‌كان، ده‌توانێ ببێته‌ ئه‌ندامی حزبی دیموكراتی كریستیان یان سۆشیاڵ كریستیان و ببێته‌ راوێژكاری ئه‌م وڵاته‌ش.

لێدوانه‌كانی برینكهاوس له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م هاوڕای هه‌بێت و هه‌م ناكۆك. له‌ دوایین هه‌ڵوێستیشدا ئایمان مازیك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیی  موسڵمانانی ئه‌ڵمانیا له‌مباره‌یه‌وه‌ وتوویه‌تی: به‌ڕای من برینكهاوس به‌مكاره‌ی باسی له‌ بابه‌تێكی راسته‌قینه‌ كردووه‌.

یه‌كێك له‌ كه‌سانی زۆر ناكۆكیش له‌گه‌ڵ ئه‌م رایه‌ی برینكهاوس وتوویه‌تیی: ناتوانم بڕوا بكه‌م برینكهاوس لێدوانی له‌مچه‌شنه‌ی هه‌بووه‌، چونكه‌ به‌ڕای من به‌شێكی هه‌ره‌ زۆری موسڵمانان مه‌یلیان به‌ره‌و ئیسلامی توندڕه‌و هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌لیكسانده‌ر میچ سه‌رۆكی كۆمیته‌ی به‌ها روحییه‌كانی حزبه‌ كریستیانه‌كان بڕوای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ جیاوازیی دابنرێت له‌ نێوان موسڵمانان به‌ گشتیی و ئه‌و موسڵمانانه‌ی كه‌ به‌رگریی له‌ ئیسلامی سیاسیی ده‌كه‌ن.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ دی ده‌بڵیوو