وێنه‌كانی مانگی ده‌ستكرد ده‌ریده‌خه‌ن كۆریای باكوور سه‌رقاڵیی تاقكیاریی موشه‌كییه‌

به‌ وته‌ی شاره‌زایان كۆریای باكوور ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نیازی هه‌بێت به‌م كرده‌وانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌مریكا هه‌ڵسه‌نگێنێت

بۆ دووه‌مجار له‌م هه‌فته‌یه‌دا شڕۆڤه‌كارانی ئه‌مریكیی ئاماژه‌یان كردووه‌ كه‌ كۆریای باكوور له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی خۆیدا سه‌رقاڵی چالاكییه‌ و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی تاقیكاریی موشه‌كیی یان ناردنی مانگی ده‌ستكرده‌ بۆ ئاسمان.

به‌ پێی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ له‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، ئۆتۆمبێل و كه‌ره‌سته‌كانی گواستنه‌وه‌ له‌ كۆمپانیای " سانۆمدۆنگ " له‌ نزیك پیۆنگ یانگی پایته‌ختی كۆریای باكوور له‌ جوڵه‌دان كه‌ ئه‌م شوێنه‌ پێشتر بۆ لێكبه‌ستنه‌وه‌ی پارچه‌كانی موشه‌كی كیشوه‌ربڕ و جۆره‌كانی دیكه‌ی موشه‌ك له‌ كۆریای باكوور كه‌ڵكی لێوه‌رگیراوه‌.

هه‌ڵبه‌ت هه‌واڵنێری " بی بی سی " رایگه‌یاندووه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت به‌مزووانه‌ كۆریای باكوور تاقیكاریی موشه‌كیی ئه‌نجامبدات یان مانگی ده‌ستكرد ره‌وانه‌ی ئاسمان بكات.

به‌ وته‌ی شاره‌زایان، كۆریای باكوور دوای كۆتاییه‌ بێ ئه‌نجامه‌كه‌ی دیداری نێوان ترامپ و كیم جونگ ئون له‌ ڤیێتنام، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نیازی هه‌بێت به‌م كرده‌وانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌مریكا هه‌ڵسه‌نگێنێت تا بزانێ واشنتن له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌واندا چی هه‌ڵوێستێكی ده‌بێت.

ئاژانسی هه‌واڵی " سی ئێن ئێن "  رایگه‌یاندووه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی به‌م هه‌واڵه‌ پیشان نه‌داوه‌.

شایه‌نی باسه‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردووش دوو لێكۆڵه‌ری ئه‌مریكیی وتیان " تۆنگ چانگ ری " كه‌ گرنگترین بنكه‌ی موشه‌كیی كۆریای باكووره‌، نوێژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ بی بی سی