له‌ ئاكامی تێكشكانی فڕۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكی گیان له‌ده‌ستدانی پێنج كه‌سی لێكه‌وته‌وه‌

له‌ باشووری ویلایه‌تی فلۆریدا

راگه‌یه‌ندرا كه‌ فڕۆكه‌یه‌ك له‌ باشووری ویلایه‌تی فلۆریدا باشووری رۆژھه‌ڵاتی ئه‌مریكا، تێكشكاوه‌ و له‌ ئاكامدا، پێنج كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

تۆڕی ھه‌واڵی (NBC) نیوز بڵاویكرده‌وه‌، كارگێڕی فڕۆكه‌وانی فیدرالی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ فڕۆكه‌یه‌كی جۆڕی "پیپه‌ر" له‌ باشووری ویلایه‌تی فلۆریدا تێكشكاوه‌ و له‌ ده‌ریاچه‌ی ئۆكشوبی كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌.

كارگێری فڕۆكه‌وانی فیدرالی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ فڕۆكه‌كه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ فڕینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌، له‌ ناوچه‌كه‌ تێكشكاوه‌.

ھاوكات نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی ناوچه‌ی بالم پیچ سه‌ربه‌ ویلایه‌تی فلۆریدا به‌ ئاژانسی ھه‌واڵی ئه‌سۆشه‌ییتد پرێسی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌ ئاكامی رووداوه‌كه‌دا، پێنج سه‌رنشینی فڕۆكه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.