ئه‌مریكا داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات گوشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر ئێران

جاناسان كۆهێن: حكومه‌تی تاران موشه‌كێكی بالستیكی مه‌ودا مامناوه‌ندی تاقیكردووه‌ته‌وه‌ و دوو مانگی ده‌ستكردی ره‌وانه‌ی ئاسمان كردووه‌

حكومه‌تی ئه‌مریكا داوای له‌ ئه‌نجومه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌ تا گوشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر ئێران به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م وڵاته‌ تاقیكارییه‌كی موشه‌كیی ئه‌نجامداوه‌ و دوو مانگی ده‌ستكردیشی ره‌وانه‌ی ئاسمان كردووه‌ و ئه‌مه‌ش به‌ پێشێلكردنی  بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌زانێت.

جاناسان كۆهێن باڵیۆزی كاتیی ئه‌مریكا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ حكومه‌تی تاران له‌ سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2018 موشه‌كێكی بالستیكی مه‌ودا مامناوه‌ندی تاقیكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ 15ـی كانوونی دووه‌م و 5ـی شوباتی ئه‌مساڵیشدا دوو مانگی ده‌ستكردی ره‌وانه‌ی ئاسمان كردووه‌.

له‌ نامه‌كه‌ی كۆهێندا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌م كرده‌وانه‌ی حكومه‌تی ئێران پێشێلكردنی بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشن و كرده‌وه‌ی وروژێنه‌ری له‌مجۆره‌ ده‌بێته‌ هۆی ناسه‌قامگیریی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ ناوبراو داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كردووه‌ تا گوشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر ئێران.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ وته‌بێژی ده‌سته‌ی نوێنه‌رانی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئێران موشه‌كی بالستیك به‌ توانای هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمیی نییه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕیارنامه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی پێشێل نه‌كردووه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ رادیۆ فه‌ڕه‌نسا