ژه‌نه‌ڕاڵێكی پله‌ به‌رزی ئه‌مریكیی له‌سه‌ر ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سووریا ناكۆكیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ترامپ

ژه‌نه‌ڕاڵ ڤۆتێل هه‌فته‌ی رابردوو وتبووی ترامپ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی خێرای هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاكی سووریا راوێژی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌كردووه‌

ژه‌نه‌ڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وتوویه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ خاكی سووریا ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ، چونكه‌ هێشتا بارودۆخ گونجاو نییه‌ بۆ ئه‌مه‌.

ژه‌نه‌ڕاڵ ڤۆتێل له‌ گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا سه‌باره‌ت به‌ ناكۆكییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئه‌مریكا وتی: داعش هێشتا له‌ سووریا جموجۆڵی ماوه‌ و به‌ڕای من هێزه‌كانی حكومه‌تی سووریا و شه‌ڕڤانه‌ كورده‌كانی پشتیوانیكراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكا به‌ته‌نیا توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ داعش بجه‌نگن.

ناوبراو رۆژی هه‌ینیی له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ راشكاویی وتی: داعش له‌ سووریا هێشتا سه‌ركرده‌ و چه‌كدار و بنكه‌ و سه‌رچاوه‌ی دارایی و لۆجستی هه‌یه‌، كه‌واته‌ به‌رده‌وامبوونی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی و گوشار خستنه‌سه‌ر ئه‌م گروپه‌ پێویسته‌.

هه‌ڵبه‌ت ژه‌نه‌ڕاڵ ڤۆتێل هه‌فته‌ی رابردوو به‌ ئاماده‌بوون له‌ كۆنگرێس به‌ نوێنه‌رانی كۆنگرێسی وتبوو دۆناڵد ترامپ پێش ئاشكراكردنی بڕیاره‌كه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی خێرای هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاكی سووریا راوێژی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌كردووه‌.

به‌مشێوه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش رۆیشته‌ ریزی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ناكۆكن له‌گه‌ڵ بڕیاری ترامپ سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاكی سووریا و به‌ ئاشكرا ناكۆكییی خۆی بۆ ئه‌م بڕیاره‌ راگه‌یاندووه‌.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ بی بی سی