پۆمپیۆ: له‌ به‌رژه‌وندیی گشت لایه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی ئایه‌توڵڵاكان و رۆحانی و قاسم سلێمانی وشك بكرێن

پۆمپیۆ: نوێنه‌رانی زیاتر له‌ 60 وڵاتی جیهان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌زنترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆتایی كۆنفڕانسی ئاشتیی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ڤارشۆی پایته‌ختی پۆڵۆنیا وتی وڵاته‌كه‌ی له‌ ڤارشۆ به‌ بۆنه‌ی ئه‌م كۆنفڕانسه‌وه‌ میوانداریی نوێنه‌رانی زیاتر له‌ 60 وڵاتی جیهانی كردووه‌  و له‌ كۆتاییدا هه‌موویان به‌ كۆده‌نگیی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران مه‌زنترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌.

پۆمپیۆ بۆ روونكردنه‌وه‌ی زیاتر وتیشی: هه‌ر وڵاتێك خۆی بڕیاری گونجاو هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام ئه‌مریكا پابه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌ ئایه‌توڵڵاكان و حه‌سه‌ن روحانی و قاسم سلێمانیی له‌و پاره‌ و سه‌رچاوه‌ی داراییه‌ بێبه‌ش بكه‌ین كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی پشتیوانیی گه‌وره‌ترین تۆڕی تیرۆریستیی له‌ جیهاندا.

مه‌سعود / كوردستان تی ڤی

سه‌رچاوه‌/ ده‌نگی ئه‌مریكا